گۆڕان (٣٠%)ـی پۆستەکانی نێو بزوتنەوەکە بە ژنان دەسپێرێت

2024/01/24    458 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دا، رێژەی ژنان لەنێو ئۆرگانەکان بە (٣٠%) جێگیرکرا، ژنە بەشداربویەکی کۆنفرانسەکەش دەڵێت: ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا بو.

دوای سێ رۆژ لە بەردەوامی، دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە شاری سلێمانی و لەژێر دروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ روبەروبونەوەی ئاڵنگارییەکان) کۆتایی هات. 

تێیدا و ئەوەی بۆ ژنانی نێو بزوتنەوەکە گرنگ بو، بڕیار دان بو بەوەی رێژەی کۆتای تایبەت بە ژنان لەنێو ئۆرگانەکان بە (٣٠%) جێگیربکرێت.

لەوبارەیەوە، شادیە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان و هاوکات ئەندامی دوەمین کۆنفرانسی بزوتنەوەکە، بە نەوژینی وت: لەنێو کۆنفرانسەکە دا ئاماژە بەوەکرا، کە ئەو پۆستانەی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەبراون، کەمترین رەخنەیان لێگیراوە و هەر لە سەر ئەو بنەمایە بە دەنگی سەرجەم ئەندامانی کۆنفرانسەکە بڕیاردرا، کۆتای ژنان بە رێژەی (٣٠%) لە سەرجەم ئۆرگانەکان جێگیربکرێت.

وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەی ژنانی نێو بزوتنەوەکە بو.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,615     ژمارەی میوان 1768

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە