* نەوژین
ژنێک پۆستی راگری کۆلێژی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکانی زانکۆی گەرمیان بە وەکالەت وەرگرت و سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت: دەرفەتی زیاتر بۆ ژنانی بەتوانا دەرەخسێنین بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکان لە زانکۆکە دا.
ئەمرۆ یەکشەممە (٢١ـی کانونی دوەمی ٢٠٢٤) لە مەراسیمێک دا پۆستی راگری کۆلێژی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکانی زانکۆی گەرمیان بە وەکالەت بە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر: رەشا رائید سپێردرا.
لەمیانی مەراسیمەکە دا، د.فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتی: پێدانی پۆستی راگری کۆلێژ بە د.رەشا، لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژی زانکۆی گەرمیان دا خۆی دەبینێتەوە، کە بریتییە لە دەرفەت رەخساندنی زیاتر بۆ ژنانی بەتوانا لە ناوەندەکانی بڕیار لە زانکۆی گەرمیان دا.
وتیشی: هەر لەو روانگەیەوە لەماوەی یەک ساڵ دا (٩) نۆ ژنی دیکە ئەرکی یاریدەدەری راگر و سەرۆکی بەش و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانیان پێ سپێردراوە.