* نەوژین
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق راگەیەندران و بەپێی ئەنجامەکە، پێنج ژن بێ کۆتا و بە دەنگی خۆیان، دەبنە ئەندامی ئەنجومەنەکە.
کاتژمێر ٦ـی ئێوارەی دوێنێ (١٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٣) کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکان، (١٦) کاندید توانیویانە بە دەنگی خۆیان کورسی ئەنجومەنەکە مسۆگەر بکەن، کە (٥)ـیان ژنن.
ئەو کاندیدە ژنانەی توانیویانە بە دەنگی خۆیان دەربچن، بریتین لە: پەروین فاتیح، سەوسەن جدوع، سەلوا مەفرەجی، شۆخان حەسیب و ئەنجیل زیا.
بە گشتی لە سنوری پارێزگاکە (٦٦) ژن کاندیدی ئەنجومەنی پارێزگا بون، کە (٢٢) لەوان کورد بون لەسەر هەریەک لە لیستەکانی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە 'یەکێتی و شیوعی'، پارتی و نەوەی نوێ) خۆیان کاندیدکردبو.
بە کۆی گشتیش (١٥) کورسی بۆ پارێزگاکە دیاریکراوە و لەو ژمارەیەش (٤)ـیان بۆ ژنان مسۆگەرە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ژنان توانیویانە رێژەی کۆتا تێپەڕێنن و بە دەنگی خۆیان پێنج کورسیان بەدەستهێناوە .