پەروین رەجەبی براوەی خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەری  فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک بو

2023/12/17    528 جار بینراوە

 

* نەوژین

پەروین رەجەبی، ژنە ئەکتەری دانیشتوی شاری سنە، بوە براوەی خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەری دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک، ئەو لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە وتی: زۆر دڵخۆشم بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتەکە، چونکە لە تەمەنی ٦٥ ساڵی بڕیاری بون بە ئەکتەرم داوە.

دوای هەشت رۆژ چالاکی سینەمایی و پێشاندانی فیلم، دوێنێ(١٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣)ـی دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک کۆتایی هات و خەڵاتی کۆتای بەسەر بەشداربوان دابەشکرا.

لەنێو خەڵاتەکان خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بە پەروین رەجەبی بەخشرا، ئەوەش لەپای رۆڵگێڕانی لە فیلمی (غەریبانە لەم خۆشبەختییە دەڕوانم). 
  
پەروین رەجەبی، ٦٥ ساڵ، دانیشتوی شاری سنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو لە وتارێکی دا لەمیانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەری فیستیڤاڵەکە وتی: زۆر زۆر خۆشحاڵم بە بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە، چونکە من لە تەمەنی ٦٥ ساڵی بڕیارم دا ببم بە ئەکتەر.

وتیشی: خەڵاتەکە پێشکەش بە هەمو ژنان و بەتایبەت ژنانی کورد زمان بەتایبەتتر ئەو ژنانەی تۆزێک بەدەست مێردەکانیان 'عەسەبین' دەکەم.

لە فیستیڤاڵەکە دا هەروەها خەڵات بە دو ژنە دەرهێنەریش بەخشرا.

خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین کورتەفیلم، بە کورتەفیلمی (سێگۆشە) لە دەرهێنانی خانمە دەرهێنەر: ژینۆ هادی، بەخشرا.

هاوکات خەڵاتی رێزلێنانی تایبەتیش بەخشرایە فیلمی (Eren) کە لە دەرهێنانی خانمە دەرهێنەر: ماریا بندێرە.

دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە دروشمی 'زمانی کوردی' و به نمایشی ١١٦ به‌رهه‌می فیلم سازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له رۆژانی ٩ تاوەکو ١٦ـی کانونی یه‌که‌می 2023 لە هۆڵی کۆنگرەکانی زانکۆی دهۆک لە شاری دهۆک بەڕێوەچو.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,646     ژمارەی میوان 1776

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە