چۆمان هەردی خەڵاتی (فەڕەنسی – ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ) بەدەستدەهێنێت

2023/12/10    355 جار بینراوە

 

* نەوژین

خەڵاتی ساڵانەی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا و فەڕەنساوە لە عێراق بە خانمە نوسەر: چۆمان هەردی دەبەخشرێت.

خانمە نوسەر و شاعیر: چۆمان هەردی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند: ئەمڕۆ (١٠ـی کانونی یەکەم)، باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە عێراق ناوی براوەکانی خەڵاتی (فەڕەنسی – ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ)ـیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ راگەیاندوە و منیش یەکێکم لەو (١٢) کەس و دەزگایە کە خەڵاتەکەیان پێدەبەخشرێت.

خەڵاتەکە ساڵانە لە رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دا، دەبەخشرێتە دەستەبژێرێک لە کەسایەتی و دەزگاکان لە سەرتاسەری جیھان کە لە وڵاتەکانی خۆیان دا بوێرانە و لە بارودۆخێکی سەخت دا خەباتیان بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرگریکردن لە مافەکانی و سەروەری یاسا کردبێت.

چۆمان ھەردی، لە (٢٩ـی کانونی دوەمی ١٩٧٤) لە شاری سلێمانی لەدایکبوە، نوسەر و شاعیرە، هەروەها یاریدەدەری پرۆفیسۆرە لە زانكۆی ئەمریكی عێراق-سلێمانی، هەروەها لە هەمان زانکۆ دا دامەزرێنەری سەنتەری جێندەر و گەشەپێدانە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,472,582     ژمارەی میوان 728

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە