زریان حەکیم بو بە براوەی باشترین کچە ئەکتەری فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی دەربەندیخان

2023/12/02    519 جار بینراوە

 

* نەوژین

زریان حەکیم، براوەی خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەری حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام بو لە قەزای دەربەندیخان و دەڵێت: وەرگرتنی خەڵاتەکە هەستێکی پڕ شانازیم پێدەبەخشێت.

دوێنێ حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە قەزای دەربەندیخان کۆتایی هات، کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە رۆژی (٢٧ـی تشرینی دوەم تاوەکو ١ـی کانونی یەکەم) بەردەوام بو.

لە کۆتا رۆژی فیستیڤاڵەکە خەڵات بەسەر بەشداربوە یەکەمەکان دابەشکرا و تێیدا خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەر بە زریان حەکیم بەخشرا.

لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، زریان بە نەوژینی وت: وەرگرتنی خەڵاتەکە هەستێکی گەورە و پڕ شانازی پێبەخشیم، هەروەک ئەم خەڵاتە ئەرکم قورستر دەکات و دەبێت لەمەودوا کاری گەورەتر و جوانتر پێشکەشبکەم.

زريان بە شانۆی (باڵەخانەی ژمارە چوار) بەشداری لە فیستیڤاڵەکە کردبو، کە لە نوسین و دەرهێنانی (سەربەست میرزا)ـیە و باسی لە دۆخ و گوزەرانی دانیشتوانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکرد.

لەبارەی رۆڵەکەی لە شانۆکە، زریان وتی: بە دو رۆڵ بەشداربوم کە هەردوکیان رۆڵی سەرەکی شانۆکە بون و بریتیبون لە رۆڵی: کچ و دایکێک.

زریان حەکیم، نیشتەجێی شاری هەڵەبجە و دەرچوی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ئەو شارەیە، ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە کاری نواندن دەکات و پێشتریش دو جاری دیکە بەشداری لەم فیستیڤاڵە کردبو و هەر دوجارەکە خەڵاتی دوەم باشترین کچە ئەکتەری پێبەخشرا بو.

لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە دەربەندیخان، چەندین گروپ لە چەندین وڵاتی جیاوازی وەک: عێراق، ئێران، میسر، تونس، فەرەنسا، ئیتاڵیا و شیلی، بەشداربون.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,653,902     ژمارەی میوان 1629

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە