* نەوژین
سبەی ژنانی گەرمیان لە قەزای کفری چالاکیەکی بازاڕگەری ئەنجامدەدەن، یەکێک لە رێکخەرانی چالاکیەکەش دەڵێت: ٢٠ کچ و ژنی خاوەنکار لە چالاکیەکە بەرهەمەکانیان نمایشدەکەن.
سبەی (١ـی کانونی یەکەم) لە قەزای کفری چالاکیەکی بازاڕگەری لەلایەن هەر سێ گروپی (خوێنەرانی کتێب، گوڵەمێخەک و ژوڵان) بە هاوکاری رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بە ناونیشانی (ژنانیش هاوشێوەی پیاوان کاردەکەن) بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی چالاکیەکەوە، بەناز ئەحمەد، دامەزرێنەری رێکخراوی گوڵەمێخەک و هاوکات یەکێک لە رێکخەرانی چالاکیەکە، بە نەوژینی وت: چالاکیەکە لە درێژەی چالاکیەکانی هەڵمەتی ١٦ رۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە لە گەرمیان، تێیدا بە نزیکەیی ٢٠ کچ و ژنی خاوەنکار ئامادەدەبن و بەرهەمەکانیان نمایشدەکەن، کە بریتیدەبن لە: کاری دەستی و دروستکردنی خواردنی کوردەواری.
وتیشی: ئامانج لە چالاکیەکە ساغکردنەوەی بەرهەمی ژنانی دەستڕەنگینی گەرمیانە.