کەلار: چالاکیەک بەبۆنەی ١٦ رۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوەچو

2023/11/26    407 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە کەلار بەیانی ئەمڕۆ چالاکیەک بەبۆنەی ١٦ رۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوەچو، رێکخەری چالاکیەکەش دەڵێت: مەبەست لێی ئاشناکردنی زیاتری خەڵکە بە هەڵمەتی ١٦ رۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی.

ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٦ـی تشرینی دوەم) لە قەزای کەلار لەمیانی هەڵمەتی ١٦ رۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان چالاکی (دەستمۆر) بەڕێوەچو. 

لەبارەی چالاکیەکە، نیگار رەشید، چالاکی ژنان و هاوکات رێکخەری چالاکیەکە بە نەوژینی وت: چالاکیەکە بریتیە لە دەستمۆری میوانەکان لەگەڵ دابەشکردنی ١٠٠ نامیلکەی هۆشیاری بەسەریاندا. 

وتیشی: مەبەست لە چالاکیەکە ئاشناکردنی زیاتری خەڵکە بە هەڵمەتی ١٦ رۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.

لە چالاکیەکەدا ژمارەیەک لە چالاکوانان، مامۆستا، فەرمانبەر و هاوڵاتی بەشداربون.

شوکریە غەفور، چالاکی ژنان و بەشداربوی چالاکیەکە، بە نەوژینی وت: چالاکی لەم شێوەیە گرنگی زۆری هەیە، بەڵام گرنگە وەک چالاکانی بواری ژنان هەمو رۆژەکانی ساڵ بەردەوامبین لە ئەنجامدانی چالاکی نەوەک تەنها لەم ١٦ رۆژە.

کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردو لە کەلار کەمیکردوە.

وەک محەمەد، عەلی: بەرپرسی بەشی خۆیەتی و کارگێری لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی گەرمیان، ئاماژەیپێکرد: ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردو کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خوسوتاندنی ژنان کەمیکردوە، بەڵام رێژەی سکاڵاکانی توندوتیژی زیادیکردوە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,527     ژمارەی میوان 748

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە