* نەوژین
ماوەی زیاتر لە مانگێکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تارانەوە دەست بەسەر ئامێرە تایبەتەکانی خانمە هونەرمەند: هانا کامکار دا گیراوە و دەڵێت: بەهۆیەوە توشی کێشە بوم.
هانا کامکار، خانمە هونەرمەندی کوردی دانیشتوی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پۆستێک دا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە ئینستگرام دەڵێت: زیاتر لە مانگێک پێش ئێستا لەکاتی گەڕانەوەم لە دەرەوەی وڵات، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانە دەستیان بەسەر مۆبایل، فلاش میمۆری و ئامێرە تایبەتەکانی دیکەم دا گرتوە و سەرباری ئەوەی هەوڵی زۆرم داوە بۆ گەڕاندنەوەی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامادە نین بۆم بگەڕێننەوە.
دەشڵێت: بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانمەوە، لە وانەوتنەوە و چالاکییە هونەرییەکانم دا توشی کێشە بومەتەوە.
هانا کامکار، گۆرانیبێژ، ژەنیار، ئاوازدانەرە و ساڵی ١٩٨٠ لە تاران لەدایکبوە، کچی هونەرمەندی ناسراو، بیژەن کامکارە و هاوکات یەکێک لە ئەندامە سەرەکیەکانی گروپی کامکاران.