گفتوگۆیەک دەربارەی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان بەرامبەر بە ژنان و بەرەنگاربونەوەی

2023/10/26    1522 جار بینراوە

 

* نەوژین

ناهۆشیاری تەکنەلۆژی، کۆمەڵایەتی و یاسایی، بەشێک لەو هۆکارانەن کە بەهۆیەوە ژنان دەبنە قوربانی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان، شارەزایەکی تەکنەلۆژی باس لەوەدەکات گەر بەمشێوەیە بەردەوام بین، بۆ ساڵانی داهاتو رێژەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی دوبەرامبەر زیاددەکات، ژنە چالاکوانێکیش دەڵێت: پێویستمان بە هەڵمەتی بەرفراوانی هۆشیارییە.

دیجیتاڵ میدیای نەوژین، گفتوگۆیه‌كى له‌ رێكه‌وتى (٢٤-١٠-٢٠٢٣) له‌ هۆڵی رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار سەبارەت بە (زیادبونی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان بەرامبەر بە ژنان و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی)، بە بەشداری: (ئاسۆ وەهاب، شارەزای تەکنەلۆژی، نیگار رەشید، چالاکی بواری ژنان، چرۆ عومەر، پارێزەر و بەختیار عەباس، بەرپرسی هۆبەی ئایتی و ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە کەلار) ئه‌نجام دا. لە خوارەوە پوختەی قسەکانیان دەخەینەڕو.

 

ناهۆشیاری تەکنەلۆژی هۆکاری سەرەکی زیادبونی تاوانە ئەلیکترۆنیەکانە

وەک ئاسۆ وەهاب، ئاماژەی پێکرد: هۆکاری سەرەکی بۆ زیادبونی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان لە ناوچەکە نا هۆشیاری تاک و بەتایبەت دایک و باوکانە سەبارەت بە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان، دایک و باوکان هۆشیار نیین لەوەی سانسۆرێک بۆ بەکارهێنانی مۆبایل بۆ مناڵەکانیان دابنێن.

زیاتر وتی: گەر بەم شێوەیە بەردەوام بین، بۆ ساڵانی داهاتو رێژەکە ٢٠٠% زیاد دەکات، چونکە زیرەکی دەستکرد زیاتر پەرەدەستێنێت و بەخراپ بەکارهێنانیشی زۆرینە دەبنە قوربانی.

 

ناهۆشیاری یاسایی هۆکارێکی دیکەی زیادبونی تاوانە ئەلیکترۆنیەکانە

پارێزەر: چرۆ عومەر، ئاماژەی بەوەکرد: خەڵکی ئێرە زۆرینە ناهۆشیارن بەرامبەر بە یاسا، نازانن چ تاوانێک سزای هەیە، تەنانەت ناهۆشیارن لە چۆنیەتی تۆمارکردنی سکاڵا، گەر بێت و شارەزایی یاسایی تەواویان هەبێت دەتوانن رێگری لەوانە بکەن کە هەڕەشە دەکەن، چونکە هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی هەرکەس بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سزای لەسەرە، بەشێوەیەک کەسەکە بە ماوەیەک بەند دەکرێت کە لە (٦) مانگ کەمتر نەبێت و لە (٥) ساڵیش زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دو سزایە سزادەدرێت. 

 

تۆمارنەکردنی سکاڵا لەلایەن قوربانیەکانەوە

نیگار رەشید، چالاکی بواری مافەکانی ژنان، باسیلەوەکرد: زۆرینەی کەیسەکانی تاوانە ئەلیکترۆنیەکانە بەبێ تۆمارکردنی سکاڵا، کپ دەکرێنەوە، هۆکارەکەش نەبونی هۆشیاری بۆ تۆمارکردنی سکاڵایە یان چونکە قوربانیەکان زۆرکات لە خێزانەکانیان دەترسن، بەو هۆکارە ناتوانن سکاڵا تۆماربکەن، هەروەها نا هۆشیاری رەگەزی، کۆمەڵایەتی و میدیاکانیش هاوشێوە هۆکارن بۆ زیادبونی کێشە ئەلیکترۆنیەکان.

هاوکات، چرۆ عومەر، لە وەڵامی ئەوەی قوربانی لەترسی خێزانەکەی نەتوانێت سکاڵا تۆماربکات، وتی: رێگەیەک هەیە بۆ ئەو کەیسانە، بەشێوەیەک قوربانیەکە دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١١٩ بکات و بەبێ ئاگاداری هیچ کەس سکاڵاکەی تۆماربکات. 

 

بەشێک لە میدیاکانیش هۆکاری زیادبونی تاوانەکانن

وەک سێوە زۆراب ئاماژەی پێکرد: بەشێک لە میدیاکان بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت بون بە هۆکاری زیادبونی تاوانەکان بە گشتی و لەنێویشیان دا تاوانە ئەلیکترۆنیەکان، گرنگە میدیا باس لەم پرسە بکات، بەڵام نەک بەم شێوەیەی ئێستا کە قوربانیەکە زیاتر لە ئەو کەسەی کە تاوانەکەی ئەنجام داوە پیشاندەدرێت و وادەکرێت توشی نەخۆشی دەرونی ببێت، لەبری ئەوەی کێشەکەی چارەسەر بکرێت.

تاوانە ئەلیکترۆنیەکان بە ناراستەوخۆ هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتیەکانن

وەک بەختیار عەباس، ئاماژەیپێکرد: لە نوسینگەکەمان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا تەنها (٧) کەیسی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمارکراون، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە رێژەکە کەمبێت، بەڵکو زۆرکات گەر بە راستەوخۆش نەبێت، ناراستەوخۆ خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، پەیوەندی دارن بە کێشە کۆمەڵایەتیەکان. 

رونیشیکردەوە: بەڕێوەبەرایەتیەکەی ئێمە کار لەسەر کێشە خێزانیەکان دەکات، بۆیە بەزۆری کەیسەکانی پەیوەندیدار بە تاوانە ئەلیکترۆنیەکان دەنێردرێنە لای پۆلیس و ئاسایش و ئامارەکان لەلای ئەوان بەردەستن. 

 

چی بکرێت؟

لەبەشی دوەمی مێزگردەکە دا بەشداربوان باسیان لە چۆنیەتی بەرەنگاربونەوە و کەمکردنی رێژەی ئەنجامدانی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان بەرامبەر بە ژنان کرد.

ئاسۆ وەهاب، وتی: پێویستمان بە جێبەجێکردنی سیاسەتی پەروەردەی دیجیتاڵی هەیە، دەبێت هەموان هۆشیاربکرێنەوە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیاڵمیدیا، هەروەها دەبێت نۆرینگەی دیجیتاڵی هەبێت و تێیدا پشتیوانی دەرونی قوربانیان بکرێت، هەروەک دەشبێت پەروەردە رۆڵ بگێڕێت بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم حاڵەتانە. 

هاوکات، نیگار رەشیدیش، جەختی لەو رایە کردەوە و وتیشی: جگە لەوانە پێویستە وەک چۆن پۆستەر بۆ کۆمەڵێک شتی دیکە هەن، پۆستەری هۆشیاری ئەلیکترۆنی لەسەر جادە و شوێنە گشتیەکان هەبن، تاوەکو خەڵکی بەتەواوی لە پرسەکە هۆشیار ببنەوە.

زیاتر وتی: هۆکاری دۆخەکە بێکاریە و زۆر مانەوەیە لەسەر سۆشیاڵمیدیا، بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە چارەسەری بێکاری پێویستە.

چرۆ عومەریش ئاماژەی بەوەکرد: گرنگە هۆشیاری یاسایی بڵاوبکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش دا دانانی کەسانی شارەزا لە تەکنەلۆژیا لە دادگاکان پێویستە، هەروەها مامۆستایانی ئاینیش رابسپێردرێن هۆشیاری بدەن بە خەڵکی تاوەکو دوربن لە توشبون بە کێشە ئەلیکترۆنیەکان. 

"دۆخەکە گەیشتوە بە ئاستێک هەمو بە مناڵ و گەورە بەکارهێنەری سۆشیاڵمیدیاین، چیتر ناتوانین بە دورخستنەوەی مناڵەکان لە مۆبایل کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵکو دەبێت هۆشیاریان بکەینەوە لەوەی چۆن بەکاری بهێنن". ئەمە رای بەختیار عەباس بو.

ئەو هەروەها وتیشی: پێویستە کێشەی سکاڵا تۆمارنەکردن لەلایەن خەڵکیەوە چارەسەر بکرێت، تاوەکو هەرکەس هەستا بە ئەنجامدانی تاوانەکە روبەڕوی یاسا بکرێتەوە.

هاوکات، سێوە زۆرابیش سەرباری جەختکردنەوە لەهەمو راکان، وتی: میدیاش دەبێت رۆڵی خۆی بگۆڕێت، بەشێوەیەک بەرنامەی هۆشیاری ئەلیکترۆنی زیاتر پەخشبکرێت و ئەو کەیسانەشی دەبنە هۆی زیاتر پەرەدان بە پەرەسەندنی کێشەکان لە میدیا باسکردنیان قەدەغەبکرێت.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,722     ژمارەی میوان 47

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە