* نەوژین
کچە دەرهێنەرێکی بەڕەچەڵەک کورد، لەبەرامبەر دەرهێنانی فیلمێک دەربارەی باکوری کوردستان، بوە براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتی سیرکای ٢٠٢٣.
جەمیلە شاهین، کچێکی بە رەچەڵەک خەڵکی دێرسمی باکوری کوردستانە و هاوڵاتیەکی ئەڵمانیە، لە مەراسیمێک دا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خەڵاتی سیرکای بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێ بەخشرا.
جەمیلە، خەڵاتەکەی لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی فیلمێک بەناوی (چوار هۆنراوە بۆ باوکم - بەهار) کە باس لە کاریگەریی خراپی پڕۆژەیەکی بەنداوەکانی باکوری کوردستان لەسەر ژیانی خەڵک دەکات، بەدەستهێناوە.
فیلمەکە باس لە چیرۆکی خێزانێکی کورد دەکات، کە لەنێوان پاریس و ئەستەنبوڵ دا دابەشبون و ژیانیان کەوتوەتە ژێر کاریگەریی پرۆژەی بەنداوەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە بوەتە هۆی چۆڵبون و ژێرئاوکەوتنی بەشێک لە گوندەکانی باکوری کوردستان.
خەڵاتی سیرکا خەڵاتێکی نێودەوڵەتیە، ساڵانە دەبەخشرێت بە داهێنەرانی بواری هونەر و ئەدەب، بۆ ئەمساڵ هەزار بەرهەم لە سەرانسەری جیهانەوە پاڵێوراوبون بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.