* نەوژین، پەرژین کامەران
ژنە ئەندام سەرکردایەتیەکی یەکێتی لەڕێگەی نەوژینەوە رونکردنەوە دەدات لەسەر هۆکاری نەگەیشتنی رێژەی ژنان بە (٢٥%) لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە.
لەرۆژی (٢٧ـی ئەیلول) کۆنگرەی پێنجی حزبی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستیپێکرد و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بو و تێیدا پەیڕەوی نێوخۆی حزبەکە هەموارکرایەوە و سەرۆکی نوێ لەگەڵ ئەندامەکانی ئەنجومەنەکان هەڵبژێردران.
ئەوەی جێگەی سەرنج بو هەرچەندە بەپێی ماددەی (٥٨)ـی پەیڕەوی نێوخۆی حزبەکە، كۆی گشتی ئهنجومهنهكانی حزبەکە دهبێت لانی كهم (٢٥٪)ـی بۆ ژنان بێت، بەڵام لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە ژمارەکە نەگەیشت بەو رێژەیە.
لەوبارەیەوە رابیحه حهمهد، ئەندام سەرکردایەتی یەکێتی بۆ نەوژین قسەیکرد و وتی: “رێژهی ژنان له ههرسێ ئهنجومهنی سهركردایهتی، ئهنجومهنی نیشتمانی و ئهنجومهنی باڵای سیاسی، پێکەوە دەبێت له (٢٥٪) كهمتر نهبێت، هەر بۆیە ئاساییە لە ئەنجومەنێک رێژەکە کەم بێت، لە ئەنجومەنێکی دیکە قەرەبو دەکرێتەوە”. بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبکات لە چ ئەنجومەنێک قەرەبو کراوەتەوە.
نەوژین بۆ بەدواداچونی زیاتر، پەیوەندیی بە وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی: تەلار لەتیفەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بێوەڵام بو.
سەرکردایەتی نوێی یەکێتی لە (٦٠) ئەندام پێکدێت و لەو ژمارەیە (٩)ـیان ژنن کەرێژەکەیان دەکاتە (١٥%)ـی کۆی سەرکردایەتی حزبەکە.