* نەوژین
کچێکی دانیشتوی شاری سلێمانی کە بەهۆی تەقەی خۆشیەوە بوە بە خاوەن پێداویستی تایبەت، کتێبێک لەبارەی ژیانی خۆیەوە دەنوسێت و بڵاویدەکاتەوە.
چنور تۆفیق، ٤٠ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە و پیشەی مامۆستایە، لە مەراسیمێک دا لە شاری سلێمانی ناساندنی بۆ کتێبەکەی کرد کە بە ناونیشانی: (تەقەی خۆشی)ـەوەیە.
لە کتێبەکەدا چنور چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی تەقەی خۆشیەوە لە تەمەنی (٤) ساڵیەوە بریندار بوە و ماوەی (٣٦) ساڵە ژیانی لەسەر کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت بەڕێوەدەبات.
لەبارەی کتێبەکەیەوە چنور دەڵێت: کتێبەکە گێڕانەوەی ژیانی خۆمە، باس لە هەمو ئەو کێشە و گرفتانە دەکەم کە لەدوای بەرکەوتنی فیشەکەکەوە توشم بون، هەروەک بە گشتی باس لە گرفتەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەم.
لە بارەی ئامانجیشی لە نوسینی کتێبەکە دەڵێت: مەبەست و ئامانجی سەرەکیم لە نوسینی کتێبەکە، هاندانی خەڵکە بۆ وازهێنان لە چەک، تەقەمەنی و تەقەی خۆشیی کە بەداخەوە لەدوای ئەو هەمو ماوەیە هێشتاش بەردەوامی هەیە.
کتێبەکە یەکەم کتێبی نوسراوی چنورە و دەڵێت: لەدوای ئەم کتێبەش دوبارە بەردەوام دەبم لە نوسینی کتێبی زیاتر.