نەرمین کاوانی: رەشبینم بەرامبەر بە دۆخی هونەری کوردی

2023/09/04    921 جار بینراوە

 

* نەوژین

نەرمین ئەحمەد ناسراو بە (نەرمین کاوانی) لە ساڵی (١٩٧٦) له‌ شاری سلێمانی لەدایکبوە، ده‌رچوی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆیه‌، هاوسەرگیری کردوە و دایکی دو کوڕە، یەکێکە لە خانمە ئەکتەرە دێرینەکانی نێو شانۆ، دراما و فیلمە کوردیەکان کە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە خزمەت دەکات.

له‌ دیدارێكى نه‌وژین دا، لەبارەی نەخۆشیەکەی، هۆکاری دابڕانی لە کاری هونەری و ئاستی فیلم و دراما کوردیەکان قسەی بۆکردین.

* لە کەیەوە دەستت بە کاری هونەری کردوە و یەکەم کاری هونەری کە بەشداریت تێداکرد، چی بو؟
دەستپێکی کارکردنم لە بواری شانۆ و دراما دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ ئەوکات فێرخوازی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بوم، هەروەک یەکەم کاری شانۆیی کە بەشداریم تێدا کرد شانۆی (ئەنتیکۆنا) بو، یەکەم دراماش درامای (کاتێک خەم گوڵ دەگرێت) بو.

* تاوەکو ئێستا رۆڵت لە چەندین دراما، شانۆ، فیلم و  کورتە فیلم دا هەبوە، رۆڵگێڕان بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
بەڵێ من تاوەکو ئێستا بەشداریم لە ٢٢ کاری شانۆیی، ١٠ دراما و چەندین فیلم و کورتە فیلم کردوە، رۆڵگێڕان بەشێکە لە ژیانی من، بەشێکە لە بیرکردنەوە و دەربڕینەکانم، ئەتوانم بڵێم تەواوکەری ژیانی منە.

* وەکو خانمە ئەکتەرێک کە ماوەی زیاتر لە سی ساڵە خزمەت بە هونەری کوردی ئەکەیت، بەشداری ژنان لەنێو دراما و فیلمە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێنیت، بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا؟
لەم ساڵانەی دوای دا بەشداریکردنی ژنان لەنێو کارە هونەریەکان بەگشتی زیادی کردوە، کە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیە، بەڵام گرنگە کارکردنیان بە پلان بێت، ناکرێت تەنها لەبەر ئەوەی کچێک یان ژنێک رۆڵێکی پێدرا لە درامایەک دواتر هەوڵی بەرەوپێشچونی زیاتر نەدات، گرنگە بەردەوامبن لە خۆدروستکردن و خۆ دەوڵەمەند کردن لە بوارەکە.

* ئەی تێڕوانینت بە گشتی بۆ دۆخی هونەری کوردی چۆنە؟
راستگۆبم، زۆر رەشبینم بەرامبەر بە دۆخی هونەری کوردی، چونکە ماوەیەکی درێژە لە جێی خۆیدا چەقی بەستوە، تەنانەت نەک هەر ئەوە هەندێک کات دەبینین بەرەوە دواوەش دەڕوات، هونەر لە هەمو جیهان ناسنامەی وڵاتانە، بەڵام لێرە بەو چاوە سەیرناکرێت.

* ماوەی نزیکەی دو ساڵە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بویت، دۆخی تەندروستیت ئێستا چۆنە؟
من باشم، باشترم ئێستا، نەخۆشی شێرپەنجە نەخۆشیەکە بۆ ئەوەی بتوانیت زاڵبیت بەسەری دا دەبێت ئیرادەت بەهێز بێت، منیش وام بۆیە توانیومە بەشێوەیەکی باش زاڵبم بەسەری دا.

هەروەها من توانیومە ببم بە ئیرادە بۆ چواردەورەکەم کە توشبوی ئەم نەخۆشیەن، تاوەکو بتوانن بەهێزبن و بێ ئومێد نەبن.

* ماوەیەکە دابڕاویت لە کاری هونەری، ئایا تەنها بەهۆی نەخۆشیەکەتەوەیە؟ لە پلانت هەیە دوباره بگەڕێیەتەوە؟
لە راستی دا گەر کارێکی باش هەبێت بەڵێ ئامادەم بگەڕێمەوە، نەخۆشیەکەم پێموانیە بتوانێت رێگریم لێبکات لە بەشداریکردنم لە کاری هونەری، لەو ماوەیەشدا بۆ چەند کارێک پێشنیاریان بۆ کردوم، بەڵام چونکە لەگەڵ من نەگونجاون، بۆیە رەتم کردونەتەوە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,096     ژمارەی میوان 1246

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە