بۆچی کچان کەمتر لەبواری تەکنەلۆژیا دا کاردەکەن؟

2023/07/31    892 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

کچانی دەرچوی بەشە تەکنەلۆژیەکان سەرباری ئەوەی ژمارەیان زۆرە، بەڵام بە کەمی لە بوارەکە کاردەکەن، کچە دەرچویەکی بەشی (ئایتی) کە ماوەی سێ ساڵە بێکار ماوەتەوە دەڵێت: کۆمپانیاکان بۆ کارە تەکنەلۆژیەکانیان زیاتر داوای رەگەزی نێر دەکەن، خاوەنی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیش رەتی دەکاتەوە کێشەکە لای ئەوان بێت و دەڵێت: "کێشەکە لای خێزانەکانە کە رێگرن لە کارکردنی کچان لە بواری تەکنەلۆژیا".

ساڵانە فێرخوازێكى زۆری کچ رو لە بەشە تەکنەلۆژیەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە سه‌رباری زۆری رێژه‌كه‌یان، به‌ڵام كه‌میان له‌ بوارى تەکنەلۆژیادا كار یاخود داهێنانێک ده‌كه‌ن، بەڵکو زۆرینە دەچن لە بوارێکی دیکە کاردەکەن.

کەژاڵ حەمە رەحیم، کچێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، ماوەی سێ ساڵە بەشی ئایتی لە پەیمانگەی کۆمپیوتەری سلێمانی تەواوکردوە و هێشتا بێکارە، ئاماژەبەوەدەکات بەهۆی ئەوەی کچە، بۆیە تاوەکو ئێستا کارێکی لە بوارەکەی خۆی دەستنەکەوتوە.

ئەو بە نەوژینی وت: زۆرم حەز لێیە لەبوارەکەی خۆم کاربکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەلێکم بۆ نەڕەخساوە تاوەکو کار لە بوارەکە دا بکەم، ئەو هەلی کارانەی بۆ بوارەکەی من هەن زۆرینەیان داوای رەگەزی نێر یان هەبونی ئەزمون دەکەن و منیش نەمتوانیوە لە هیچ شوێنێک ئەو ئەزمونەوەی داوای دەکەن، بەدەستبهێنم. 

بەپێچەوانەوە، بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکان باس لەوەدەکات، وەک خاوەنی کۆمپانیا زیاتر حەزی بەوەیە کچان لەگەڵی ئیش بکەن.

پەروانە نیزام، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پرۆنوس، بە نەوژینی وت: وەکو خۆم پێمخۆشە چواردەورەکەم لەنێو کۆمپانیا هەموی خانم بێت، تاوەکو ئێستاش دیزاینەرەکانمان هەموی خانمن و دیزاینەری پیاومان وەرنەگرتوە، چونکە ئێمە زیاتر متمانەمان بە فیکر و ئایدیای خانمان هەیە، پێشموایە بۆ بەرەوپێشچونی کۆمەڵگە پێویستە گرنگی بە فیکر و ئایدیای خانمان بدرێت.

وتیشی: بەڵام، هۆکاری ئەوەی کچان لەم بوارە کەمن، پێموایە پەیوەندی بە خێزانەکان هەیە، خێزانەکان کچانیان فێرکردوە لە هەڵە بترسن، چونکە تەکنەلۆژیاش بوارێکی نوێیە و هەڵەی تێدا دەکرێت، بۆیە کچان لێی دەترسن، ئەوان تاوەکو لەکارێ دڵنیا نەبن دەستی بۆ نابەن.

بەڕای شارەزایەکی بواری تەکنەلۆژیا، نەبونی کچانی سەرکردە لە بوارەکە هۆکاری نەهاتنە پێشەوەی کچانی دیکەیە بۆ کارکردن لە بواری تەکنەلۆژیا.

ئارۆ دانا، شارەزا لە بواری تەکنەلۆژیا و براوەی پێشبڕکێی پڕۆگرامسازی گۆگڵ لەسەر ئاستی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢، بە نەوژینی وت: بۆشایيەکی گەورە لە کارکردنی کچان لەبواری تەکنەلۆژیا هەیە، هۆکار زۆرە بۆ ئەمە، بێگومان بەشێک لە هۆکارەکە کۆمەڵگەیە، بەشێکی دیکەش بەڕای من پەیوەندی بە نەبونی نمونەی کچی بەتوانا و سەرکردەیە لە بوارەکە هەیە، ئەمە هەم کاریگەری لەسەر کۆمپانیاکانیش دروستکردوە بەوەی گرنگی بە سیڤی کچان نادەن، بەڵکو بەردەوام تەرکیز دەکەنە سەر سیڤی کوڕان، تەنانەت گەر هەمان بڕوانامە و ئەزمونیشان هەبێت.

تەکنەلۆژیا بوارێکە بەردەوام لە گۆڕاندایە، زانیاری نوێ و گۆڕینی شێوازی کارەکان بەشێکی دیکەن لە کێشەکان کە دەرچوانی زانکۆ روبەڕوی دەبنەوە.

وەک کەژاڵ ئاماژەی پێکرد: ماوەی سێ ساڵە کە پەیمانگەم تەواوکردوە، لە تەکنەلۆژیا دورکەوتومەتەوە، بێگومان ئێستا گەر بمەوێت بگەڕێمەوە و دەست بەکاری تەکنەلۆژی بکەم توشی ئاستەنگی زۆر دەبمەوە، چونکە بابەتەکان گۆڕاون و منیش زانیاریم لەبارەیانەوە نیە.

سه‌رباری ئەوە كچانێكى دیكه‌ هه‌ن كه‌ خوێندنیان له‌و به‌شانە بوه‌ و ئێستا هاوشانی کوڕەکان کێبڕکێی داهێنان دەکەن.

رۆشنا عومەر، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئەندازیاری سۆفتوێر، یەکێک بو لەو کەسانەی رۆڵی هەبو لە زیادکردنی زمانی کوردی سۆرانی بۆ گۆگڵ ترانسلەیت، لە ئێستا دا لە بەشی بەڕێوەبردنی زانیاری لە کۆمپانیایەک کاردەکات. 

رۆشنا، ئەزمونی خۆی بۆ نەوژین گێڕایەوە: دۆزینەوەی کار و گەڕان بەدوای کاردا هیچ ئاسان نییە، بەتایبەتی کاتێک تۆ کچ بیت و بەدوای کارێکی تەکنەلۆژی بگەڕێیت، من کارەکەم بەهۆی زیرەکی خۆم بەدەستهێناوە، بەردەوام لە هەوڵدام، چونکە تەکنەلۆژیا بوارێکە بەردەوام پێویستی بە زانینی زانیاری تازە هەیە.

زیاتر وتی: سەرباری توانای خۆم، لەلایەن خێزانەکەشمەوە زۆر پاڵپشتیکرام، هاندانی خێزانی زۆر گرنگە بۆ کارکردنی کچان لە بواری تەکنەلۆژیا بەتایبەت، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە هانی کچان نادەن تاوەکو کار بکەن، بەڵکو رێگریشیان لێدەکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە کۆمپانیای دیلۆیت گڵۆباڵ ئامادەی کردوە رێژەی کارکردنی کچان لەبواری تەکنەلۆژیا لە جیهان دا ٢٣%ـە، ئەوەش لە کاتێک دایە کارکردنی پیاوان لە بوارەکە ٧٧%ـە.

بەڵام هیچ ئامارێکی هاوشێوە بۆ رێژەی کارکردنی کچان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەست نییە.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,888     ژمارەی میوان 198

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە