* نەوژین
کچێکی کوردی دانیشتوی شری سلێمانی پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی.
هانا رەزا، کچە چالاکی بواری ئاژەڵان و هاوکات دامەزرێنەر و سەرۆکی رێکخراوی پڵنگانی بێ سنورە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک، نوسیویەتی: هاوشانی ١٧ کەسی دیکە پاڵێوراوم بۆ بردنەوەی خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی.
خەڵاتەکە تایبەت لەلایەن زانكۆی كالیفۆڕنیاوە دەدرێت بەو کەسەی کە دۆخی ژینگەیی لە جیهان دا بەرەوپێش دەبات و کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ژینگە و یاسای ئاژەڵە کێوییەکان.
رێکخراوەکەی هانا تایبەتە بە پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانی عێراق بەتایبەت ئەوانەی کە لە مەترسیدان، هاوکات گرنگی بە پاراستنی ئاژەڵە شیردەرەکان دەدات، بەتایبەتی پڵنگی فارسی.
هانا، دەرچوی زانکۆی نیوکاسڵە و بڕوانامەی ماستەری لە ئیکۆلۆژی و پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان بەدەستهێناوە.
بڕیارە ( ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ) لە مەراسیمێک دا خەڵاتەکە دابەشبکرێت.
لەبارەیەوە هانا دەڵێت: براوەی یەكەم بم یان هەر بە پاڵێوراوی بمێنمەوە، گەورەیی خۆی هەیە و دەستكەوتێكی مەزنە بۆ من و كوردستان و عێراقیش، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە، ئەم دانپێدانان و دەسكەوتە جیهانیانە، هاندەرمان بن بۆ بەردەوام بون.