لە کەلار ژنێک نوسینگەیەکی فێربونی شۆفێری دەکاتەوە

2023/07/09    1601 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە قەزای کەلار ژنێک نوسینگەیەکی فێربونی شۆفێری دەکاتەوە و دەڵێت: لە نوسینگەکە دا و بە هاوکاری دو مامۆستا، ژنان و پیاوان فێری شۆفێری دەکەین.

سروە عەلی، بەڕێوەبەری نوسینەگەی شۆفێری سروە، بە نەوژینی وت: من لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە ژنانم فێری شۆفێری دەکرد، بەڵام بەشێوەی سەربەخۆ، ئەوانەی فێرمکردبون زۆر لە کارەکەم رازی بون، بۆیە بڕیامدا نوسینگەیەکی شۆفێری بکەمەوە.

نوسینەگەکە لە رۆژی (٢ـی تەموز) کراوەتەوە، لەلایەن ستافێکی سێ کەسیەوە بەڕێوەدەبرێت کە بەوتەی سروە، سەرجەمیان خاوەنی بڕوانامه‌ی رێگه‌پێدراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆن بۆ وانه‌وتنه‌وه‌.

تاوەکو ئێستا ٤١ کەس بۆ ناوتۆمارکردن پەیوەندیان بە نوسینگەکەوە کردوە, لەو ژمارەیە (٢٤)ـیان لە رەگەزی مێ و (١٧)ـیان لە رەگەزی نێرن. 

سروە، وتی: لە ئێستادا دەستمان بە وانەی پراکتیکی (کرداری) کردوە و لە ١٧ـی ئەم مانگەوە دەست بە وانە تیۆریش دەکەین. 

وتیشی: جگە لە من دو مامۆستای دیکەش لە نوسینگەکە وانە دەڵێنەوە کە یەکێکیان ژنە ئەوی دیکەیان پیاوە، کە هەریەکەیان ماوەی زیاتر لە دو ساڵە ژنان و پیاوان فێری شۆفێری دەکەن.

ئەوەی نامۆیە، بەشێک لەو فێرخوازانەی بەشداری خولەکە دەکەن، خاوەنی مۆڵەتی شۆفێرین.

بەڕێوەبەری نوسینگەکە وتی: ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێک لە فێرخوازەکان کە سەردانیان کردوین، خۆیان خاوەنی مۆڵەتی شۆفێرین، بەڵام دێنە خولەکەمان تاوەکو باشتر فێری شۆفێری ببن.

سروە لەکاتی وەرگرتنی بڕوانامەی راهێنەریی شۆفێریی دا

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,107     ژمارەی میوان 1597

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە