ئەندریا، کچە نوسەرێک نەخۆشی ئیفلیجی مێشک دەبەزێنێت

2023/06/27    1351 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح

توشبون بە نەخۆشی ئیفلیجی مێشک "شلل دماغي" نەیتوانیوە ‘ئەندریا’ لە گەیشتن بە خەونەکەی کە بون بە نوسەرە، بێ هیوا بکات، ئەو چیرۆکی ژیانی خۆی وەک کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە دوتوێی کتێبێک دا نوسیوەتەوە و بەناوی (چیرۆکەکانی ئەندریا) چاپی کردوە.

ئەندریا پێشڕەو، ٣٢ ساڵ، نیشتەجێی شاری سلێمانی، فێرخوازی قۆناغی چوارە لە بەشی زمانی کوردی زانکۆی سلێمانی. هەر لە زگماگەوە نەخۆشی ئیفلیجی مێشکی هەیە و بەوهۆیەوە بەشێکی جەستەی لە کار کەوتون.

لەبارەی کتێبەکەیەوە ئەندریا، بە نەوژینی وت: کتێب نوسین خەونێکی گەورەی مناڵیم بو، بە بڵاوکردنەوەی خەونەکەم بەدی هات، کتێبەکەم باس لە ژیانی خۆم و ئەو ئاستەنگیانە دەکات کە هاتونەتە پێشم، مەبەستم بو کۆی کێشە و گرفتەکانی کەسانی کەمئەندام بخەمە رو و لەگەڵ ئەوەشدا هیوا و ئامانج و باوەڕ بە خۆبون بخەمە بەر دیدەی خوێنەران.

ئەو لەمناڵیەوە توشبوی نەخۆشی ئیفلیجی مێشکە، دەبێتە یەکەم کەس لە هەرێمی کوردستان کە خاوەن پێداویستی تایبەت جۆری شەلەل دەماغە و نوسەرە. 

وتی: سوپاسگوزاری خودام کە توانیم سەرباری هەمو ئەو بێباکی، گوێ پێنەدان و کەم نرخاندنی کەمئەندامان لەلایەن کۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە، توانیومە بەشێک لە خەونەکانم بەدی بهێنم.

ئەندریا، لە ژیانی دا بەهۆی کەمئەندام بونیەوە توشی کێشە و گرفتی زۆر بوە، هەمویانی لەنێو کتێبەکەی دا باسکردوە.

وتی: لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی تاوەکو ئامادەیی بەهۆی نەخۆشیەکەمەوە توشی زۆر گیروگرفتی گەورە بوم، تەنانەت سێ ساڵی خوێندنی ئامادەییم بەدەرەکی و بێ مامۆستا خوێند، بەڵام ئێستا لە زانکۆ لە هەمو رویەکەوە بێکێشەم و هەمو مامۆستاکانم زۆر پاڵپشتیم دەکەن.

چیرۆکەکانی ئەندریا، کە رۆژی یەکشەممە (٢٥ـی حوزەیران) لە مەراسیمێکدا بڵاوکرایەوە، یەکەم کتێبی چاپکراوی ئەوە، دەڵێت: لە داهاتودا هەوڵدەدەم چەندین بەرھەمی جۆراوجۆری وەک چیرۆک و رۆمان بنوسم.

خێزانەکەی بە پلەی یەکەم پاڵپشتی ئەندریان.

وتی: لە بەدیهێنانی خەونەکەم بەتەنها نەبوم، خێزانەکەم پاڵپشتی سەرەکیم بون، ئەوان بێتوانایی جەستەمیان نەکردە گرفت و ژیانی خۆیان کردە مۆم و سوتاندیان لە پێناوی سەرکەوتنم دا.

ئەندریا، کتێبەکەی بە هاوکاری رێکخراوی ئاشنای مرۆیی کە کار دەکەن لەسەر دۆزینەوەی توانای کەمئەندامان، بەرهەم هێناوە. "هیوا قادر"ـى شاعیريش یارمەتیدەری بوە لە نوسینی کتێبەکە و لەڕێگەی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لە چاپدراوە و بڵاوکراوەتەوە. 

"داوا لە کەمئەندامان دەکەم، هەوڵبدەن لە هەر بوارێک دا بێت کە حەزتان لێیەتی جێگەی دەستی خۆتان دیاری بکەن، با بەربەستەکان نەتانوەستێنێت، مرۆڤ ئەگەر خۆی تەسلیم نەکات و بێ ئامانج نەبێت، دەگات بە هەمو شتێک". ئەندریا، بە باوەڕبەخۆبونەوە وای وت.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,222     ژمارەی میوان 657

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە