* نەوژین، پەرژین کامەران
نەبونی کامێرا نەبوەتە هۆکاری ئەوەی (گەشبین) لە گەیشتن بە خەونی بون بە فۆتۆگرافەر بێ هیوا بێت، بەڵکو ئەو بە مۆبایلەکەی دەستی کاری فۆتۆگرافی دەکات و دەڵێت: خەڵکی زۆر لە وێنەکانم رازین.
گەشبین کەمال، ١٩ساڵ، نیشتەجێی شاری سلێمانیە، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانیە، ئەو بە تەنها لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە کاری فۆتۆگرافی دەکات.
دەڵێت: سەرەتا تەنها وەک حەزێکی خۆم بە مۆبایلەکەم وێنەم دەگرت و لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاوم دەکردەوە، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی کارەکانم، خەڵکی بەدڵیان بو و داوایان لێکردنم وێنەیان بگرم و بەوشێوەیە کارەکەم پەرەی سەند.
دەشڵێت: "ئێستا کە وێنەی هەر کەس دەگرم ئەوەندە بەدڵیانە پێم دەڵێن بۆ هەمو بۆنەکان کاری وێنەگرتن بە تۆ دەسپێرین".
![](/images/19-06-2023-09-56-30-935313.jpg)
گەشبین لەکاتی وێنەگرتن بە مۆبایلەکەی لە دو کاتی جیاوازدا
ماوەی شەش مانگە گەشبین فۆتۆگرافی کردوە بە پیشەی خۆی، بەتەنها لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە توانیویەتی ببێت بە خاوەن و کار و داهاتی خۆی.
دەڵێت: پیشەکەم بوە بە سەرچاوەی بەدەستهێنانی داهاتێک بۆم.
کوالێتی ئەو مۆبایلەی بۆ کارەکانی بەکاری دەهێنێت، هاوشێوەی مۆبایلی زۆرینەمانە، وەکخۆی دەڵێت: کوالێتی مۆبایلەکەم هاوشێوەی مۆبایلی کەسەکانی دیکەی دەوروبەرمە، بەڵام من کاری فۆتۆگرافی پێدەکەم، ئەوەش داهێنانێکە کە کردومە و خاڵێکی جیاوازی نێوان من و فۆتۆگرافەکانی دیکەیە.
گەشبین، فۆتۆگرافی بە مۆبایل دەکات، تاوەکو ئەزمون لەبوارەکە پەیدا بکات و دواتر کامێرا بەکاربهێنێت.
وتی: بەکارهێنانی مۆبایل هۆکارە بۆ کۆکردنەوەی ئەزمونی زۆر باش بۆم، لە داهاتودا بە کامێرا بەردەوام ئەبم.