شەهێن تاڵەبانی: ئاستی گۆرانیبێژانى ئێستا باش هەڵناسەنگێنم

2023/06/11    1198 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

شەهێن محێدین تاڵەبانی، ساڵی ١٩٥٢ لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوە، ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا لە شاری لەندەن دەژی، دایکی سێ کوڕە، یەکێکە لە خانمە هونەرمەندە دێرینەکانی کوردستان کە زیاتر لە پەنجا ساڵە خزمەت بە هونەری کوردی دەکات.

له‌ دیدارێكى نه‌وژین دا، لەبارەی هۆکاری دابڕانی لە کاری هونەری و هەبونی بەرهەمی نوێ قسەی بۆکردین.

* زۆربه‌ى خه‌ڵكى تۆ به‌ گۆرانى "سه‌بری گوڵفرۆش" ده‌ناسنه‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ ده‌ستپێكى كارى هونه‌رییت بو؟
من لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە گۆرانی دەڵێم، ئەوکات ئێمە لە خوێندنگە وانەیەکمان هەبو بەناوی "سرود" کە ئەبوایە گۆرانیت بوتایە، لەو کاتەوە دەستم بە وتنی گۆرانیکردوە و گۆرانی دەڵێم. 

* هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ گۆرانی "سەبری گوڵفرۆش" كه‌ى تۆمارتکرد و بۆچی گۆرانیەکە سه‌ره‌تا بەناوی خۆت بڵاونەبوەوە؟
کاتی تۆمارکردنی یەکەم گۆرانیم، ساڵی ١٩٦٩ بو، ئەوکات تەمەنم ١٧ ساڵ بو، لەگەڵ کاک ‘عەباس کەمەندی‌ پێکەوە وتمان، بەڵام ئەوکات گۆرانیەکە لەسەر داواکاری خۆم بەناوی خۆم بڵاونەبوەوە، بەڵکو بەناوی خوشکە بچوکەکەم بڵاوبوەوە.

* بۆچی رێگەت نەدا بەناوی خۆته‌وه‌ بڵاوببێتەوە؟
چونکە نەمویست ناوم بە شاردا بڵاوببێتەوە، ئەوکات گۆرانی وتن لەلایەن کچانەوە ناشرین و عەیبە بو، لەڕاستی دا دواتر پەشیمان بومەوە لەوە، چونکە کە بڵاوبوەوە هیچ کەس رەخنەی نەگرت، بەڵکو هەموان دەیانوت کچەکە دەنگی زۆر خۆشە، خۆزگە کێیە ئەوە!؟

* تۆ نزیك به‌ نیو سه‌ده‌یه‌ كارى هونه‌ریی ده‌كه‌یت و خاوه‌نى چەندین به‌رهه‌میت، هیچ بەرهەمێکت هەیە لێی پەشیمان بیت؟
لە هیچکام لە گۆرانیەکانم پەشیمان نیم، شانازی بەهەمویانه‌وه‌ دەکەم، بەڵام لە چەند کلیپێکم پەشیمانم.

* ماوەیەکی زۆرە لە گۆرانی وتن دورکەوتویتەوە، هۆکار چیە؟
راستە ماوەیەکی باشە دورکەوتومەتەوە، هۆکارەکەی پەیوەندی بە هاتنەوەم بۆ کوردستان هەبو، ئەوکات ویستم خانویەک بکڕم، بەڵام فێڵیان لێکردم و پارەکانیان خواردم، هەرچەندە کەسەکە دەستگیرکرا، بەڵام هێشتا تەواوی پارەکەم بۆ نەگەڕێندراوەتەوە، هەر ئەوە هۆکار بو بۆ دورکەوتنەوەم

* بەنیازی دوبارە بگەڕێیتەوە؟
بەڵێ بەنیازی گەڕانەوەم.

* هیچ بەرهەمێکی نوێت ئامادەیە؟ 
بەڵێ، یانزە بەرهەمی نوێم ئامادەیە و لەدوای تەواوبونی کارەکانی و لەماوەیەکی نزیک بڵاویان دەکەمەوە.

* وەک هونەرمەندێک کە چەندین ساڵە لەبواری هونەر کاردەکەیت، ئاستی هونەری کوردی لە ئێستادا چۆن دەبینیت، بەتایبەت ئاستی خانمە هونەرمەندەکان؟
لە راستی دا ئاستیان هیچ باش هەڵناسەنگێنم، چونکە هونەرمەندی ئێستای نوێ نازانن چ تێکست و میلۆدیەک دەڵێن، ئەوەی لایان گرنگە بڵاوبونەوەکەیە نەک وتنی گۆرانیەکە بە جوانی، هەر لەبەر ئەوەشە گۆرانیەکانی ئێستا زۆر بە کەمی دەچنە نێو خەڵکەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانرێت گوێیان لێبگیردرێت.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,196     ژمارەی میوان 1266

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە