سۆما لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان بە مافەکانیان ئاشنا دەکات

2023/05/28    1771 جار بینراوە

 

* نەوژین، ساز ئەحمەد

ماوەی ساڵێکە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان ئاشنا دەکات بە یاساکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دەڵێت: دەمەوێت لەگەڵ ژنان دا پێکەوە هەوڵبدەین بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەرمان بگۆڕین.

سۆما زیاد، ٢٦ ساڵ، دەرچوی کۆلێژی یاسا و دانیشتوی شاری سلێمانیە و پارێزەرە، ماوەی ساڵێکە دەستیکردوە بە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی یاسایی بۆ یارمەتیدانی ژنان لە هەمو تەمەن و ئاستەکان لە نێوشیاندا کچان و کیژۆڵان، تاوەکو ئاشنا بن بە یاساکان و مافەکانیان.

ئەو بە نەوژینی وت: بون بە پارێزەر حەزی مناڵیم بو، بەردەوام پێموابوە وەک چۆن پزیشکی ژنمان پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستیەکانمان، بەوشێوەیەش پارێزەری ژن پێویستە، تاوەکو یارمەتی کچ و ژنە لێقەوماوەکان و خاوەن کێشەکان بدات.

جگە لە کاری پارێزەری، سۆما وەک راوێژکاری خێزانیش کاردەکات و لە بوارەکەدا خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتیە.

وتی: لەڕێگەی کاری راوێژکاریەوە یارمەتی خاوەن کێشەکان دەدەم تاوەکو رێگەی راست بدۆزنەوە، چونکە ئەوان لەوکاتەدا بەهۆی تێکچونی باری دەرونیان ناتوانن بڕیاری دروست بدەن.

لە کوردستان کاری پارێزەری بەزۆری پیاوان دەستی بۆ دەبەن، ئەو ژنانەشی دێنە نێو ئەم کارەوە توشی ئاڵەنگاری و گرفت و رێگری دەبنەوە.

سۆما، وەکخۆی ئاماژەی پێکرد، لەماوەی کاری پارێزەریدا توشی چەند ئاستەنگێک بوەتەوە، وتی: کارەکەم ئاستەنگی تێدایە، لێرە زۆرکات دان بە هێز، توانا و زیرەکی ژنان نانرێت، پێمان دەڵێن ئێوەی ژنان لاوازن و توانای ئەم کارەتان نیە.

بۆ زیاتر یارمەتیدان و بەرچاوڕونی کچان و ژنان، ماوەی ساڵێکە سۆما دەستی بە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی رێنمایی لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کردوە، تێیاندا باس لە کێشە خێزانیەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان دەکات، هەروەک باس لە ماددە و رێگەچارە یاساییەکانی تایبەت بە پرسەکەش دەکات.

وتی: بیرۆکەی دەرکەوتنم لە سۆشیاڵمیدیا لە خۆمەوە بۆ دروستبو، من رۆژانێک توشی چەند روداوێک بوم، بەڵام چونکە مافەکانی خۆمم نەدەزانی، نەمتوانی بەرگری لەخۆم بکەم، بۆیە دەمەوێت لەڕێگەی سۆشیاڵمدیاوە کچان بە مافەکانیان ئاشنا بکەم.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئامۆژگاریم بۆ کچان ئەوەیە بەردەوام بخوێننەوە تاوەکو زانیاریان زیاتر بێت، گرنگە پێکەوە هەوڵبدەین بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان بگۆڕین، بەشێوەیەک بۆیان بسەلمێنین کە ئێمە بەتواناین و خاوەن زانیاری و بیرۆکەی زۆر باشین.

 

ڤیدیۆیەکی سۆما کە باس لە نەفەقەی ژن دەکات

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,830     ژمارەی میوان 665

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە