* نەوژین
شەهلا، خانمە نوسەرێکی دانيشتوى شاری سلێمانیە، نوسەری کۆمەڵە چیرۆکی (کچی ناو وێنەکە)ـیە، وەکخۆی دەڵێت: لەو کۆمەڵە چیرۆکە دا چیرۆکی ١١ ژن و کچی کورد دەگێڕمەوە.
شەهلا فەیزوڵڵا، دانیشتوی شاری سلێمانی، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی (کچی ناو وێنەکە) بڵاوکردەوە و تێیدا ٢٠ چیرۆک دەگێڕێتەوە.
ئەو بە نەوژینی وت: کۆمەڵە چیرۆکی کچی ناو وێنەکە لە ٢٠ چیرۆک پێکدێت کە لە ١١ چیرۆکیان دا باس لە ژیانی کچان و ژنانی کوردستان دەکەم.
وتیشی: ئامانج لەم کۆمەڵە چیرۆکەم گەیاندنی ئازار و پەیامەکانی ژنانە بە کۆمەڵگە و هەر چیرۆکێکی نێو کتێبەکە پەیامێکی جیاواز دەگەیەنێت.
لە کتێبەکە دا چەند چیرۆکێکی دیکەش بونیان هەیە، یەکێک لەو چیرۆکانەی وایکردوە شەهلا بڕیار بدات دەست بە نوسینی چیرۆک بکات چیرۆکی (پەپولەکانی سەر شەقام)ـە.
وتی: لە ساڵی ٢٠١٨ و دوای بینینی مناڵێکی دەستگێڕی سەر شەقام، بڕیارم دا دەست بە نوسینی چیرۆک بکەم، چیرۆکی ئەو مناڵەم لەژێر ناوی (پەپولەکانی سەر شەقام) نوسی، ئەو چیرۆکە بو بە هاندەرێکی باش بۆم تاوەکو بەردەوام بم لە نوسینی چیرۆکی دیکە.
ئەو خانمە نوسەرە پێیوایە خوێندنەوەی چیرۆک لای خەڵک بەچێژترە بەراورد بە کتێبەکانی دیکە، هەر بۆیەش چیرۆکی هەڵبژاردوە.
وتی: بۆیە چیرۆک دەنوسم، چونکە پێموایە خوێندنەوەی چیرۆک لای خەڵک چێژی زیاترە، چونکە کورت و پوخت پەیامەکە دەگەیەنێت بە خوێنەر، هەروەک پلانم هەیە کۆمەڵە چیرۆکی دیکەش بنوسم و بڵاوی بکەمەوە.
جگە لەنوسینی چیرۆک، شەهلا کاری وەرگێڕانیش دەکات، وتی: رۆمانێکم لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئامادەیە بۆ چاپکردن و لەم ماوەیەدا چاپی دەکەم.