* نەوژین
خانمە چالاکێکی بواری ژنان لە شاری دهۆک، کتێبێک تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی ژنان و کچان دەنوسێت و بڵاویدەکاتەوە.
ئاواز حەجی، دانیشتوی شاری دهۆک، خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە ئەندازیاری چاندن، ماوەی چواردە ساڵە وەک چالاکی بواری مافەکانی ژنان کاردەکات، ماوەی ساڵێکە دەستی بە نوسین کردوە و رۆژی (٤ـی ئایار) کتێبێکی بەناونیشانی (ئافرەت و جڤاک) بڵاوکردەوە.
لەبارەی کتێبەکەوە ئاواز بە نەوژینی وت: کتێبەکە لە دوبەش پێکدێت، لەبەشی یەکەم دا باس لە ژیانی خۆم دەکەم، باس لەو ئاستەنگانە دەکەم کە هاتونەتە پێشم، باسی دەکەم لە ئاستەنگەکان چی فێربوم و چۆن خۆم دەربازکردوە، لەبەشی دوەمیش دا چیرۆکی چەند ژنێکی سەرکەوتوی شاری دهۆک دەگێڕمەوە.
وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی مەبەست لە نوسینی کتێبەکە هۆشیارکردنەوەی خوێنەر و زیاتر تێگەیشتنیانە لە ژیان، تاوەکو بتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن تێیدا.
کتێبەکە بە هەردو زمانی عەرەبی و شێوەزاری بادینی نوسراوە و یەکەم کتێبی چاپکراوی ئاوازە.
وتی: ئامانجم لە نوسینی کتێبەکە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردیە، چونکە لە بابەتی تایبەت بە ژنان لە نێو کتێبخانەکانمان سەرچاوەی کەم هەیە، بەتایبەت بابەتی ژن و کۆمەلگە زۆر کەمە.