* نەوژین، محەمەد مەحمود
بۆ یەکەمجار لە گەرمیان ژنێک ماستەرنامە لە بواری شوێنەوار دا بەدەستدەهێنێت و دەڵێت: ماستەرنامەکەم دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ کتێبخانەی کوردی.
کوردستان رەحمان عەلی، دانیشتوی قەزای کفری، وەک یەکەم ژن لە گەرمیان ماستەرنامەیەکی لەبواری شوێنەوار ناسی دا بەدەستهێنا کە تایبەتە بە ناوچەی گەرمیانەوە.
ئەو بە نەوژینی وت: ماستەرنامەکەم لەسەر گۆڕی خانەدانان لەسەردەمی ئەشکانی (۱٤٨ـی پێش زاینی بۆ ۲۲٦ـی زاینیە) لە کوردستانی باشور و بەتایبەت لە گەرمیان، هەروەها باس لە دو لە هەرە گرنگترین بەشەکانیشی دەکەم کە یەکێکیان گردۆڵکەی سەرقەڵایە، کە زۆرشتی مێژوی ئەشکانیەکانی تێدایە، هەروەها دوەمیان گۆڕێکە کە بەر لە چەند ساڵێک لە گوندی بەرلوت دۆزراوەتەوە.
وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی ماستەرنامەکەم کە دەتوانم بڵێم ٧٠%ـی دەربارەی ناوچەی گەرمیانە.
کوردستان رەحمان، ماستەرەکەی لە رۆژی ۳۰ـی نیسان بەدەستهێناوە، وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: ئەگەر چەند کەسێکی دیکە ماستەر لەم بەشە بهێنن، دەبێتە پاڵنەرێکی باش تاوەکو ئەو بەشە لە زانکۆی گەرمیان بکرێتەوە.
وتیشی: چونکە زانیارییەکانی نێو ماستەرنامەکەم لەسەر مێژوی ئەشکانیەکانە، بۆیە دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ کتێبخانەی کوردی، چونکە زۆرینەی کتێبی کتێبخانە کوردیەکان لەسەر مێژوی ئەشکانیەکان بەزمانی کوردی بەردەست نیین.