* نەوژین
ئینستتیوتی پەی ئاشکرایدەکات لەمیانی ساڵێک لە دانیشتنەکانی پارلەمان و لەکۆی نزیکەی ٦٠ کاتژمێر قسەکردن، ئەندام پارلەمانە ژنەکانی نێو پارلەمانی کوردستان ١٥ کاتژمێر قسەیانکردوە، هاوکات لەنێویشیاندا ‘سەرچنار ئەحمەد‘ زۆرترین قسەیکردوە، ‘لەیلا عەبدلجەبار‘ـیش هیچ قسەیەکی نەکردوە.
لە راپۆرتەکەدا کە لە چوارچێوەی پرۆژەی رێکخراوەکە بۆ چاودێریی کارەکانی پارلەمانی کوردستان دا دێت بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (NED)، ئاماری ورد لەبارەی چالاکی پارلەمانتارانەوە لەماوەی (١ـی ئاداری ٢٠٢٢ تاوەکو ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٣) خراوەتەڕو.
تێیدا دەردەکەوێت لەماوەی خولی بەهارەی پارلەمان دا ئەندامانی پارلەمان (بیست و یەک کاتژمێر و نۆزدە خولەک) لە دانیشتنەکانی پارلەمان دا قسەیانکردوە، لەم رێژەیەش ژنانی نێو پارلەمان کە ژمارەیان (٣١) ئەندامە (پێنج کاتژمێر و پێنج خولەک) قسەیان کردوە.
هاوکات لە ماوەی خولی پایزەدا، ئەندامانی پارلەمان (سی و چوار کاتژمێر و پەنجا و نۆ خولەک) لە دانیشتنەکانی پارلەمان دا قسەیانکردوە، لەم رێژەیە ژنانی نێو پارلەمان (دە کاتژمێر) قسەیان کردوە.
بەکۆی گشتی لەماوەی ساڵێکدا لە دانیشتنەکانی پارلەمان (پەنجا و شەش کاتژمێر و هەژدە خولەک) قسە کراوە، لەو ژمارەیەش ژنان (پانزە کاتژمێر)ـی قسەیانکردوە.
هاوکات لەنێو ژنە ئەندام پارلەمانەکان، سەرچنار ئەحمەد، ئەندام فراکسیۆنی یەکگرتو، زۆرترین کات قسەیکردوە کە ماوەکەی (کاتژمێرێک و سی و نۆ خولەک) بوە.
مژدە مەحمودیش لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بە پلەی دوەم زۆرترین قسەی کردوە کە (کاتژمێرێک و حەڤدە خولەک) بوە.
گوڵستان سەعیدی سەرۆک فراکسۆنی گۆڕانیش، سێیەم زۆرترین قسەیکردوە کە (کاتژمێرێک و یەک خولەک) بوە.
هەڵز ئەحمەد، لە فراکسیۆنی یەکگرتوش هاوشێوە سێیەم زۆرترین قسەیکردوە کە (کاتژمێرێک و یەک خولەک) بوە.
هەر بەپێی ئامارەکانی ئینستتیوتەکە هەریەک لە ژنە ئەندامانی پارلەمان (‘سەلمە فاتیح’ لە فراکسیۆنی یەکێتی، ‘لەیلا عەبدلجەبار’ لە فراکسیۆنی پارتی) کەمترین قسەیانکردوە، سەلمە تەنها (٢٠) چرکە قسەیکردوە و لەیلاش هیچ قسەیەکی نەکردوە، هاوکات هەژان حەسەنیش لە فراکسیۆنی یەکێتی، تەنها (خولەکێک و چلویەک چرکە) قسەیکردوە.