* نەوژین
دەقێکی شانۆیی خانمە نوسەری کورد مهاباد قەرەداغی لە ئەڵمانیا و بە زمانی ئەڵمانی نمایشکرا.
شانۆکە باس لە ژنێکی چالاکوان دەکات کە لە شارەزورەوە بەرەو وڵاتێک هەڵاتوە و شایەتحاڵی کارەساتی هەڵەبجەیە، ئەو دایکە، دوای نەمانی هەردو مناڵەکەی و هاوسەرەکەی، وەک پەیامبەری ئاشتی خواز لە کۆنفرانسە نێونەتەوەییەکاندا بەشداری دەکات و ئامانجی ئەوەیە جینۆسایدی کورد بە دونیا بناسێنێت.
لە شانۆکە دا فرمێسک مستەفا رۆڵی سەرەکی دەبینێت، وتی: بەختەوەرم بەوەی تێکستی ژنە نوسەرێکی کورد بە ئەڵمانیەکان دەناسێنم و بەزمانی ئەوان نمایشی دەکەم و درێژە بە پەیامەکەی دەدەین.
لەبارەی شانۆکەشەوە فرمێسک بە نەوژینی راگەیاند: ئامانج لە شانۆکە ناساندنی جینۆسایدی کوردە بە دونیا، هەروەک ویستمان لەڕێگەیەوە لەسەر ئەو سەکۆیە بانگەشە ئاشتی و ئاسایش بکەین.
مهاباد قەرەداغی، نوسەر، شاعیر و وەرگێڕ بو، لە ساڵی ١٩٦٦ لە قەزای کفری لەدایک بوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ کۆچی دوای کردوە.
فرمێسک مستەفا، لەدایکبوی شاری سلێمانیە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، دەرچوی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغدایە و یەکەم کاری شانۆیی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٣.