هەوار:  بەهێزبون و کۆڵنه‌دان له‌ پشت سه‌ركه‌وتنى براندى (HL)ـن

2023/03/05    1345 جار بینراوە

 

* نەوژین، بەنان فاروق

لە تەمەنی هەشت ساڵیەوە دەستی بە کاری چنین کردوە، وەک یەکەم ژن لە عێراق براندی تایبەت بە جلی کوردی دروستکردوە، ئێستا کارەکانی هەوار سنوری کوردستانیان تێپەڕاندوە و لە وڵاتی دیکەوە کڕیاریان هەیە.

هەوار محەمەد سدیق، لەدایکبو و دانیشتوی شاری سلێمانییە، هاوسەرگیری کردوە و دایکی چوار مناڵە، له‌دیدارێكی نه‌وژین دا باس له‌ چۆنیەتی دروستکردنی براندەکەی (ئێچ ئێڵ HL) و ئەو ئاڵەنگاریانەی هاتونەتە پێشی دەکات.

* سەرەتای دەستپێکردنت بە کاری چنین دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟ چۆن بو بڕیارت دا دەست بەم کارە بکەیت؟ 
سەرەتای دەستپێکردنم دەگەڕێتەوە بۆ (٣٦) ساڵ پێش ئێستا، ئەوەکات تەمەنم تەنها هەشت ساڵ بو، پیشەکەم لە دایکمەوە بۆ ماوەتەوە، ئەو خەیات بو، منیش لە ئەوەوە فێربوم. 

* پیشەکەت لە دایکت بۆ ماوەتەوە، دەتەوێت مناڵەکانیشت ببنە شوێن پێ هەڵگرەوەی تۆ و بەردەوامی بە پیشەکە بدەن؟
لە راستیدا دو کچەکەم شوێن پێ هەڵگرەوەی منن و لەگەڵ خۆم دان وەک ستافێک کاردەکەین لەگەڵ کوڕەکانیشم.

 

* دروستکردنی براندێکی تایبەت بە جلی کوردی لەلایەن ژنێکەوە، تاوەکو چەند هەواری توشی رێگری و ئاڵەنگاری کردەوە؟
براندی (ئێچ ئێڵ دیزاین) یەکەمین و گەورەترین براندی جلی کوردیە لە کوردستان و عێراق، بێگومان دروستکردنی براندەکەم بە ئاسانی بەسەرم دا تێنەپەڕیوە، توشی رێگری و ئاڵەنگاری زۆر بومەوە، بەڵام من بەهێز بوم، کۆڵم نەدا و سەرکەوتم.

* کاری دیزاین دەکەیت لە هەمان کاتدا مامۆستایشیت، چۆن ئەم هاوسەنگیەت راگرتوە؟
هاوسەنگی راگرتن لەنێوان دو پیشەکەم زۆر قورسە، بۆیە بڕیامداوە واز لە کاری مامۆستایی بهێنم و خۆم یەکلایی بکەمەوە بۆ براندەکەم، چونکە زۆرم خۆشدەوێت، ناتوانم وازی لێبهێنم.

* سەرەتا ئێچ ئێڵ تەنها براند بو، دواتر کردت بە دوکانى فرۆشتنى جلوبه‌رگى كوردی و ئیكسسوارات، بۆچی؟
سەرەتا ساڵی ٢٠١٧ بو براندەکەم راگەیاند، دواتر لەسەر خواستی کڕیارەکانم دوکانم کردەوە، ئەوان دەیانویست لە نزیکەوە کارەکانم ببینن، منیش بێ دڵیم نەکردن و لە ساڵی (٢٠٢٠) دوکانەکەم کردەوە.

 

* کارەکانی ئێچ ئێڵ لە کوردستان براندە و کڕیار و ناوبانگێکی زۆری هەیە، لە دەرەوەی کوردستان بازاڕی ئێچ ئێڵ چۆنە؟ ئایا کڕیاری دەرەوەتان هەیە؟
 کڕیاری دەرەوەمان زۆر زۆرە، بەزۆری کوردەکانی دەرەوە داوای دەکەن، هەندێکیشی لێرەوە بە دیاری بۆیان دەبەن، لەوانەیە لای خەڵک سەیربێت، بەڵام چەندین کڕیارمان هەیە بیانین، بەڵام چونکە حەزیان بە جلەکانمانە دەیکڕن.

* ناوی (ئێچ ئێڵ دیزاین) لەچیەوە هاتوە؟
ئێچ (H) بە مانای هاوار دێت، ئێڵیش (L) بەمانای دو کچەکەم لاوێن و لەرێن دێت.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,772     ژمارەی میوان 316

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە