* نەوژین
بڵاوکردنەوەی نوسراوێک لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە کە تێیدا داوای قەدەغەکردنی چالاکیەکانی جێندەر دەکات، لەلایەن چالاکانی بواری ژنانەوە کاردانەوەی لێکەوتوەتەوە، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: بڕیارەکە نایاساییە.
دوێنێ رێککەوتی (٣١ـی کانونی دوەم)، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی نوسراوێکەوە کە واژۆی بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر بو رایگەیاند: دەبێت هەمو چالاکییەکی جێندەر لە سنوری پارێزگاکە و هەردو ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیان و راپەڕین قەدەخە بکرێت، هەروەک تێیدا هاتبو: جێندەر دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و مەترسی بۆسەر گەنجان و نەوەکانمان.
لە کاردانەوەی نوسراوەکەدا هۆشیار ئیسماعیل، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکدا به سایتی ‘وێستگه نیوز’ـی راگه‌یاندوە: نوسراوه‌كه نایاساییه، چونكه به‌بێ ئاگاداری ئه‌و لیژنانه ده‌ركراوه كه له نوسراوه‌كه‌دا ناویان هاتوه، بۆیه نوسراوه‌كه بڕیاری ئه‌نجومه‌ن نییه و كۆده‌نگی ئه‌نجومه‌ن نییه و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هیچ ئیلتزامێك له‌سه‌ر شانی فه‌رمانگه‌كان نییه تا جێبه‌جێی بكه‌ن.
رونیشیکردوەتەوە: لە نوسراوەکەدا وا هاتوە کەوا وشەی "جێنده‌ر" مانای "هاوڕه‌گه‌زبازی" هه‌یه، كه له بنه‌ڕه‌تدا وانییه و وشه‌كه به مانای "ره‌گه‌ز" دێت و ئه‌گه‌ر وشه‌كه بۆ پاراستنی مافی ژنان بێت ئێمه پێمان باشه، بۆیە ئێمە لەگەڵی نین کە نوسیویانە هاوڕەگەزبازی ئێمە دژی هاوڕەگەزبازین، بەڵام جێندەر مانای هاوڕەگەزبازی ناگەیەنێت.
کاردانەوەکان لەبارەی نوسراوەکە بەردەوامیان هەیە و لە کاردانەوەی نوسراوەکەدا خانمە چالاکی بواری ژنان: بەهار مونزیر، نوسیویەتی: هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەبێت داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بکات.
هەروەک نوسیویەتیشی: ئەگەر دەزگایەکی حکومی بە نایاسایی مامەڵە بکات، ئایا نابێت ئەنجومەنی دادوەری داوا تۆمار بکات؟ یان هەر دەسەڵاتیان بەسەر هاوڵاتیانی سەربەخۆ (لەو حزبانە) دەشکێت.
هاوکات خانمە چالاک: کنێر عەبدوڵا لە کاردانەوەی دا نوسیویوتی: بەڕای من ئەم بڕیارە پێویستی بە پێداچونەوە هەیە و هەر دەرچونیشی جێی پرسیارە و ئەوەندەی پەیوەندیدارە بە ئایدۆلۆژی و ئیجتهادی کەسەکان، هێندە خوێندنەوەیەکی بابەتیانە و دیراسەکردنی لەپشتەوە نییە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی راستترە.
نوسیویەتیشی: بڕیارەکەی دژ بە جێندەر لە کاتێکدایە لە سەرەتای خەباتی ژنانەوە باسکردن و کارکردن لەسەر ناوەرۆکی ئەم پرسە زۆر بەفراوانی و فرەلایەنی هەیە و سمینار و راهێنەر و هۆشیارکردنەوەی لەئاست دەکرێت، بێ ئەوەی هیچ کێشەیەک یان تێکدان بۆ شیرازەی خێزان یاخود مەترسی بوبێت بۆ سەر کۆمەڵ و گەنجان، بگرە تەنانەت جێی رەخنەش نەبوە.