روداوەکەی 'هوانە' لێشاوێک ئیدانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت

2022/12/31    514 جار بینراوە

 

* نەوژین

روداوی هێرشکردنە سەر کچێک لە پێشبڕکێیەکی ماتحڕسکیل لە ناوچەی هوانەی سلێمانی، لێشاوێک ئیدانە و سەرکۆنەکردن بەدوای خۆیدا دێنێت، پۆلیسیش دەستگیرکردنی ١٦ کەس بە تۆمەتی بەشداریی لە هێرشەکە رادەگەیەنێت.

دوێنێ (هەینی ٣٠ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبون لە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنە و پۆستی جیاواز لەسەر روداوی هێرشکردنە سەر کچێک لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە کوڕانەوە لە ناوچەی هوانەی سەر بە قەزای سلێمانی.

روداوەکە کاتێک رویداوە کە پێشبڕکێیەکی ماتۆڕسکیل بەڕێوەچوە و کچێک تیایدا بەشدارییکردوە و دواتر بەهۆکارێک کە تائێستا بەتەواوی رون نییە، روبەڕوی پەلاماری ژمارەیەکی زۆر کوڕانی هەرزەکار دەبێتەوە و بە شەق لێیدەدرێت، هەتا دواتر  کچەکە هەڵدێت.

لەبارەی روداوەکەوە، پۆلیسی سلێمانی دوێنێ ئێوارە رایگەیاند کە بەوهۆیەی سکاڵا لەلایەن کچەکەوە تۆمار نەکراوە، هەربۆیە بەدواداچونیان نەکردوە. ئەمەش وایکرد ژمارەیەک یاساناس و دادوەری پێشو بێنە قسە، لەنێویاندا حاکم: لەتیف مستەفا، کە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبو پێویست بە تۆمارکردنی سکاڵا ناکات و پۆلیس دەتوانێت دەستبەجێ بەدواداچون بۆ روداوەکە بکات و تۆمەتباران دەستگیر بکات.

وادیارە نیگەرانی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلیسی ناچار کردوە کە لێپێچینەوەکانی لەسەر ئەو روداوە دەستپێبکات. 

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ رایگەیاندوە: (16) كەس لەسەر روداوەكەی هوانە دەستگیركراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە ئەو شوێنە کە پێشبڕکێکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، دادەخرێت.

لەبارەی هۆکاری ئەو هێرشە بۆ سەر کچەکە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەو کچە بە تەنها نەبوە و ٣ کچ لە پێشبڕکێکەدابون، کاتێک پشێوی لە نێوان دو کوڕدا دروست بوە، کچەکە تەداخولی کردوە و ئەم هێرشەی لێکەوتوەتەوە.

باسی لەوەشکردوە: کچەكە دانیشتوی سلێمانیە و تەمەنی (17) ساڵە و زانیارییان لەسەری هەیە، بەڵام بانگهێشت و دەستگیر نەكراوە.

هاوکات ئیدانەکان لەبارەی روداوەکەوە بەردەوامییان هەیە، لە ئاستە فەرمییەکەی دا هەریەکە لە سەرۆکی حکومەت و وتەبێژی حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی باڵای خانمان، راگەیانراو و بەیاننامەیان 
بڵاوکردوەتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا دەڵێت: هێرش بۆسەر كچێكی مناڵ لە سلێمانی كارێكی شەرمەزاری و بێبەهانەو قبوڵنەكراوە.

دەشڵێت: قسەم لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و داد كردوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ کەسانی بەرپرسی روداوەکە بکەن.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم، د. جوتیار عادل، روداوەکە بە "شەرمەزاریی" وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەم ڕووداوانە ھەرگیز مایەی قبوڵکردن نین و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ھەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان دەوەستێتەوە". 

دەشڵێت: پێویستە بە زووترین کاتیش ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بگیرێتەبەر.

هاوکات ئەنجومەنی باڵای خانمان، لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: "روداوەکە پێشێلكردنى سەرەتايیترين مافەكانى مرۆڤه، داوا له دامودەزگاکانی حکومەت دەكەین رۆڵی خۆيان ببينن له سزادانی تاوانباران". هۆشدارییش دەدات کە "هەر كەمتەرخەميیەك له هه ر دەزگايەك قابیلی قبوڵ نيه".



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,362,816     ژمارەی میوان 1225

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە