* نەوژین، مەریەم خالد
لەدوای ١٣ ساڵ لە بونی سیسته‌می کۆتای ژنان لە پارلەمانی کوردستان، بەشێک لە پارلەمانتاران پێیان وایە سیستمەکە سودی لێوەرنەگیراوە تاکو لە داهاتودا ژنان بتوانن به‌بێ كۆتا بچنه پارله‌مان، شارەزایەکی هەڵبژاردنیش دەڵێت: هۆکار ئەوەیە كۆتای ژنان به‌پێی پێویست له‌نێو حزبه‌كاندا بونی نیە.
كۆتای پارلەمان، سیسته‌مێكی كارپێكراوه له به‌شێك له وڵاتان، به‌مه‌به‌ستى پێدانى دادپه‌روه‌ریی به ره‌گه‌ز یان پێكهاته و به‌شێكى كۆمه‌ڵگا. له پارله‌مانى كوردستان كار به‌م سیسته‌مه ده‌كرێت و پێشتر 25% بو، به‌ڵام ئێستا بریتییه له 30%، واتا (33) ئەندام لەکۆی (100) ئەندام.
هه‌ندێك له پارله‌مانتاران، بونى سیسته‌مه‌كه به گرنگ و پێویست ده‌زانن.
په‌یمان عیزه‌دین، ئەندامی پێشوی پارلەمانی کوردستان کە هاوکات یەکێک بو لەو ژنانەی بە کۆتا گەیشتبوە پارلەمان، لەبارەی گرنگی هەبونی سیستمی کۆتای ژنان لە نێو پارلەمان بۆ نەوژین وتی: کۆتا گرنگی و کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر هەمو ئەو وڵاتانەی کە ژن و پیاو تێیدا یەکسان نیین، چونکە لەم جۆرە وڵاتانە ناتوانرێت توانا و عەقڵیەتی ژن ببینرێت و بەشداری سیاسی ژنان تێیدا ئەستەم دەبێت، هەروەک لەڕێگەی کۆتا دەتوانرێت دەرفەت بدرێتە ژنان تاکو پەرە بە تواناکانیان بدەن یان تواناکانیان بەدەربخەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەداهاتودا ئه‌وه‌نده په‌ره به به‌ژداری سیاسی ژن بدرێت كه ژنان بتوانن به‌بێ كۆتا بچنه نێو پارلەمانەوە.

لەکۆتا هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان کە لە (30/9/2018) ئەنجامدرا لەکۆی 773 کاندید 241ـیان ژن بون، لەم ژمارەیە 33کاندیدیان دەرچون کە (10) کاندیدیان بە دەنگی خۆیان توانیان دەربچن، بەڵام وەک ئەندامێکی پارلەمان ئاماژەی پێدەدات بەهۆی دیدی خراپی کۆمەڵگە بۆ ژنان پێویستە سیستمی کۆتای بەردەوامی هەبێت.
ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی پارلەمانی کوردستان (سەربەخۆ)، وتی: له خولی پێنجه‌می پارله‌مان زۆرێك له ژنە ئه‌ندام پارلەمانەکان له سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان به ده‌نگی خۆیان هاتونەتە پارله‌مان، بەڵام بەهۆی ئەو دیدە خراپەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان هەیەتی وایکردوە بەردەوام هەبونی ئەم جۆره یاسا و سیستمانه پێویست بێت.
زۆرکات دەوترێت کۆتای پارلەمان سودی لێوەرنەگیراوە بۆ هێنانە پێشەوەی ژنی بەتوانا بۆ نێو سیاسەت، لەبارەی هۆکارەکەیەوە شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن پێیوایە هۆکار ئەوەیە کۆتا بەپێی پێویست لەنێو حزبەکان بونی نیە.
"كۆتای ژنان به‌پێی پێویست له‌نێو حزبه‌كاندا بونی نیە، له‌به‌ر ئه‌وەش له نێو حزبه‌كاندا ژنان بەکەمی ده‌رفه‌تیان پێدەدرێت، بۆیەش ژنان نه‌یان توانیوه له‌نێو پارله‌ماندا نوێنه‌رایه‌تیه‌كی ته‌واو بكه‌ن و بونی خۆیان بسەلمێنن، هەروەک لەبەر ئەمەش بەکەمی ژنی سەرکردە لە کوردستان دەردەکەوێت". ئارام جەمال، شارەزای بواری هەڵبژاردن وای وت.
پەیمان عیزەدین جەختی لەم رایە کردەوە و پێیوایە دەبو کۆتا له‌نێو حزبه‌كانه‌وه ده‌ستی پێبكردایه و دواتر بۆ پارلەمان درێژبکرایەتەوە.
ئەو وتی: سیسته‌می كۆتا نەیتوانیوە وا‌بکات لە داهاتودا ژنان بتوانن به‌بێ كۆتا بچنه پارله‌مان، هۆکاریش نەبونی رێژەیەکی دیاریکراوی کۆتایە لەنێو حزبەکان، دەبوایە کۆتا له‌نێو حزبه‌كانه‌وه ده‌ستی پێبكردایه و بۆ پارلەمان و ناوەندەکانی بڕیار درێژبکرایەتەوە، بەمشێوەیە دوای چەند ساڵێک پێویستمان بەکۆتا نەدەما.

پارلەمان لە هەرێم دا باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنە، هەربۆیە بونی ژنان لەم ناوەندەدا و بەشداریکردنیان لە دروستکردن و هەموارکردنەوەی یاساکانی هەرێم گرنگی خۆی هەیە.
"له خولی سێی پارله‌ماندا به هۆی گۆڕینی لیسته‌كان و پاشه‌كشه‌ی چه‌ند پارله‌مانتارێك و هاتنه جێگەی پارلەمانتاری دیکە، ژماره‌ی ئه‌ندامه پارلەمانتارە ژنه‌كان گه‌یشته 41 ئەندام، ئه‌مه رێژه‌یه‌كی گرنگ و كاریگه‌ره بو، هەروەک كاریگه‌ری هه‌بو له‌سه‌ر یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی کە لەو چوار ساڵەدا بڕیاری لەسەر درا". پەیمان عیزەدین، وای وت.
* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.