شاناز، خانمێك دەستڕەنگینى ده‌باته‌ ئاستێكى جیهانى

2022/12/14    982 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح

شاناز خانمێکی دەستڕەنگینی شاری سلێمانیە، جوانی و ناوازەیی کارەکانی سنوری کوردستانی تێپەڕاندوە و ئێستا بەشێکیان لە وڵات و جێگەی دیکە وەک بە نرخترین دیاریەکان پێشکەش دەکرێن.

شاناز جەمال، ٤٤ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانی، ماوەی نزیکی حەوت ساڵە دەستی بەکاری دیزاینکردنی جلوبەرگ و ئیکسسوارات بە بەکارهێنانی بابەتی کلتوری رەسەنی کوردی کردوە، هاوکات کارەکانی لە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی کڕیاری هەیە.

ئەو لە مناڵیەوە حەزی بە کاری دیزاینکردن و چنین کردوە، چیرۆکی سەرەتای دەستپێکردنی بە کاری چنین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥، لەبارەی یەکەم کاریەوە شاناز دەڵێت: یەکەم کارم بریتیبو لە دیزاینکردنی ئیکسسوارات بۆ خۆرازاندنەوە بە جاجم، یەکەم کەس بوم ئەو کارەم ئەنجامدا و لەپێشەنگایەکی تایبەت بەخۆم لە شاری سلێمانی نمایشم کرد.

شاناز، تاکو ئێستا بەشداری چەندین پێشەنگای ناوخۆی و دەرەوە کردوە، وەک یەکەم دیزاینەری جلوبەرگی کلتوری کوردی بەشداری لە پێشەنگای نێودەوڵەتی لە شاری ئیستەنبوڵ لە وڵاتی تورکیا کردوە، دەڵێت: لەو پێشەنگایەدا حەوت بڕوانامەم لەبواری چنین بەدەستهێناوە.

 

شاناز له‌ میانى سه‌ردانیكردنى بۆ ئیتاَلیا له‌سه‌ر داوایه‌كى فه‌رمی پاپای ڤاتیكان

 

ئەم خانمە دیزاینەرە لە ساڵی ٢٠١٩ بە داوەتنامەیەکی فەرمی لەلایەن پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکانەوە وەک یەکەم خانمی کورد بانگهێشتی ڤاتیکان کراوە و لەوێ بەرگێکی نەخشراو بەدەستی خۆی، پێشکەش بە پاپا کرد. وەک شاناز بۆ نەوژین رونیکردەوە: ماوەی ساڵێک و حەوت مانگ خەریکی چنینی ئەو بەرگە بوم و ئامانجم لەکارەکەم پیشاندانی ئاشتەوایی بو.

ئاماژەی بەوەشکرد: کاتێ بۆ جاری دوەم پاپا سەردانی عێراقی کرد، دوبارە چەند دیاریەکی چنراوی من لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراقەوە لەنێو کۆشکی سەلام پێشکەشی پاپا کران کە بریتیبون لە تابلۆیەک و کڵاوێکی چنراو، هەروەک تابلۆیەکی چنراویشم لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە وەک دیاری بەخشرایە پاپا.

ئەو بەرگەی شاناز بە پاپای ڤاتیکانی بەخشی لەگەڵ بابەتە نەخشراوەکانی دیکە کە پێشکەشی پاپا کران لەکاتی سەردانی بۆ عێراق، ئێستا هاوشانی چەندین شاکاری هونەرمەندانی جیهان لە مۆزەخانەی ڤاتیکانە و بڕیاریشە بۆ هەمیشە لەوێ بمێنێتەوە.

شاناز، لە پێناو ئەم کارەی وازی لە کاری فەرمانبەری حکومەت هێناوە، دەڵێت: من ١٥ ساڵ فەرمانبەری حکومی بوم، بەڵام لەبەرخاتری خۆشەویستیم بۆ ئەم کارەی ئێستام وازمهێنا و ئێستا لەماڵەوە کاری چنین دەکەم.

هێشتا شاناز هیچ جێگەیەکی تایبەت بە کارەکەی نیە و بەتەنها لە رێگەی ئۆنلاینەوە بابەتە چنراوەکانی دەفرۆشێت، وەکخۆیشی دەڵێت: لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتە عەرەبیەکان کڕیارم هەیە و زۆرکات بابەتەکانی من دەکڕن و دەیکەن بە دیاری بۆ ئازیزانیان.

"چەندین شەو هەبوە تاکو بەیانی کارم کردوە، چەندین شەو هەبوە لەپێناو ئازاری برینەکانی دەستم کە بەهۆی چنینەوە دروست بوبون، نەمتوانیوە بخەوم، بەڵام گوێم پێنەدەدا و بۆ بەیانیەکەی دوبارە دەستم بەکاردەکردەوە". شاناز وای وت.

سەرباری ئەوەی کارەکەی شاناز کارێکی ئاساییە و زۆر خانمی دیکەش لەبوارەکە کاردەکەن، بەڵام وەک خۆی باسی لێوە کرد توشی رێگری و گرفتی زۆر بوەتەوە و تاکو ئێستاش رێگری لێدەکرێت. 

ئەو وتی: من ئەوەندەی ئێستا دژایەتیم دەکرێت، پێشتر ئەوەندەم دژایەتی نەدەکرا، تەنانەت کەسانێک هەوڵیان داوە لە دەرەوەی کوردستانیش ناوم ناشرین بکەن، هۆکارەکەش ئەوەیە لەزۆرینەی کارەکانم رچکەشکێنی دەکەم، ئەوانەی توانای ئەوەیان نیە رەخنە دەگرن و هەوڵی شکاندنم دەدەن.
 

بەشێک لە کارەکانی شاناز



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,393     ژمارەی میوان 37

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە