ئاسایشی راپەڕین: بکوژی ناسکە قادرمان دەستگیر کرد

2022/12/06    486 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئاسایشی راپەڕین دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانی کوشتنی ناسکە قادری راگەیاند، کە لە رانیە کوژرا و دواتر تەرمەکەی سوتێنرا و خرابوە ژێر گڵ.

لە راگەیەنراوێکی ئاسایشی راپەڕین دا کە وێنەی دەست نەوژین کەوتوە، ئاماژە بەوەدراوە: لەسەر ئەو کەیسە چەندین کەس دەستگیر کراون، یەکێک لەوانە بەناوی (ر. خ) تەمەن (٣٩) ساڵ، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکەی دا ناوە و ئێستا بەپێی مادەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە.

ئەمەو راگەیەنراوەکە ئاماژەی بە وردەکاریی تاوانەکە و ناسنامەی تۆمەتبارەکە نەکردوە.

رۆژی (٢٣ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٢) پۆلیسی رانیە بڵاویکردەوە کەوا تەرمی کەسێکیان لە نزیک بەنداوی دوکان لە خواروی رانیە بە سوتاوی دۆزیوەتەوە کە دوای سوتانی خراوەتە ژێر گڵەوە و گوماندەکەین لە رەگەزی مێ بێت.

دواتر دەرکەوت ئەو ژنە ناسکە قادر-ی تەمەن ٤٧ ساڵە کە دانیشتوی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە لە باکوری سلێمانی و  دایکی پێنج مناڵ بو، کە دوای ون بونی بۆ ماوەی نزیکەی دو هەفتە تەرمەکەی لەلایەن جوتیارێکەوە دۆزرایەوە و پۆلیسی لێ ئاگادارکرایەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,853     ژمارەی میوان 431

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە