دوای هەفتەیەک هێشتا هیچ کەس نازانێت ناسکە بۆچی بەو شێوە دڕندانەیە کوژرا

2022/11/30    486 جار بینراوە

 

* نەوژین

ناسکە هەفتەی رابردو تەرمەکەی لەلایەن جوتیارێکەوە لە نزیک بەنداوی دوکان لە خواروی رانیە دۆزرایەوە، کە بەشێوەیەکی تاوانکاری کوژرابو و لاشەکەی سوتێنرا، لەبارەیەوە پۆلیسی رانیە دەڵێت: تاکو ئێستا هیچ شتێک لەبارەی روداوەکەوە رون نیە.

رۆژی (٢٣ـی ئەم مانگە) پۆلیسی رانیە بڵاویکردەوە کەوا تەرمی کەسێکیان لە نزیک بەنداوی دوکان لە خواروی رانیە بە سوتاوی دۆزیوەتەوە کە دوای سوتانی خراوەتە ژێر گڵەوە و گوماندەکەین لە رەگەزی مێ بێت.

ئەو ژنە ناسکە قادری تەمەن ٤٧ ساڵ، دانیشتوی شارۆچکەی چوارقوڕنە لە باکوری سلێمانی بو، کە هاوکات دایکی پێنج مناڵ بو، کە دوای ون بونی بۆ ماوەی نزیکی دو هەفتە تەرمەکەی لەلایەن جوتیارێکەوە دۆزرایەوە و پۆلیسی لێ ئاگادارکرایەوە.

لەبارەی روداوەکەوە شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی رانیە بە دەنگی ئەمەریکای رایگەیاندوە: ئاسەواری ئەشکەنجە بە گیانی 'ناسکە'ـوە هەبو، بەڵام تاکو ئێستا هیچ شتێک لەبارەی روداوەکەوە رون نیە تەنها ئەوەندە دەزانین روداوەکە تاوانکاری بوە و لە ئێستادا چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشکی دادی سلێمانی دەکەین بۆ زانیاری زیاتر لەسەر شێوازی گیان لەدەستدانەکەی.

سەرچاوە هەواڵیەکان باس لەوەدەکەن، پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە چەند کەسێکی نزیکی ناسکەی دەستگیرکردوە.

بەرپرسێکی پۆلیسی رانیە کە خۆی یەکێک بوە لەو کەسانەی تەرمەکەیان بینیوە، دەڵێت: ناسکە پێش کوشتنی دەموچاوی شێوێندراوە و دەستێکی شکێندراوە دواتر سوتێندراوە، بەشێوەیەکیش سوتێندراوە کە کەس توانای ناسینەوەی نەبو، تا دواتر کچەکەی هات و لەڕێگەی ملوانکەیەکەوە ناسییەوە کە 'ناسکە' لە ملیدا بو .

دەشڵێت: ئەوە نەک بەتەنها تاوانێکی کوشتنی ئاسایی بوە، بەڵکو کوشتنەکە زۆر جیاواز بوە، بەشێوەی رق و تۆڵە لێکردنەوە کوژراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کەسێکی نزیک لە ناسکە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات ناسکە لەگەڵ هیچ کەسێکدا کێشەی نەبوە.

ئەو وتی: ناسکە بێ کێشەترینی خێزانەکەمان بو، ئەو رۆژەی لەماڵ دەرچو نزیکی کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ بو، بە بوکەکەی وتوبو دەچم هەندێک پێداویستی دەکڕم، بەڵام دواتر نەگەڕایەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,371     ژمارەی میوان 15

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە