* نەوژین
کچە شێوەکارێکی کورد کە هاوکات خاوەن پێداویستی تایبەتە پێشەنگایەکی تایبەت بەخۆی لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا دەکاتەوە.
یارا شێرزاد، کچە شێوەکارێکی کوردە و ماوەی دو ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، ئەو لە مناڵیەوە خولیای وێنەکێشانی هەیە و وێنە دەکێشێت.
هەروەک بڕیاریداوە هەفتەی داهاتو رێکەوتی(١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢) پێشەنگایەکی هونەری تایبەت بەکارەکانی خۆی بە ناونیشانی (هێز و هونەر) لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیا بکاتەوە.
پێشەنگاکە بریتی دەبێت لە نمایشکردنی ١٦ تابلۆی یارا و بۆ ماوەی دو مانگ بەردەوامدەبێت.
لەبارەی تابلۆکانیەوە ئەو کچە شێوەکارە دەڵێت؛ لەڕێگەی تابلۆکانمەوە خەیاڵ و بیرۆکە و بۆچونەکانم دەردەبڕم، ئەوان هەریەکەیان چیرۆک و خوێندنەوەی تایبەت بەخۆیان هەیە و یەکێک لە تابلۆکانم گوزارشت لە خۆم دەکات وەک کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، لە تابلۆکەدا نیشانی دەدەم كە رەنگەكان دەتوانن بەربەستەكان بشكێنن تاوكو ژیان بە جوانییەوە بەردەوام بێت.