ژنان فیستیڤاڵی هەنار دەکەن بە دەرفەت بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان

2022/11/05    1163 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
​لە هەشتەمین فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دا زۆرترین ژن و کچی خاوەنکار بەشدارن، کچێکی خاوەنکاریش دەڵێت: لەڕێگەی ئەم فیستیڤاڵانەوە بەرهەمەکانمان بە خەڵکی دەناسێنین.
 
ڤەرسیم عیزەت، کچە فرۆشیارێکی هەنارە لەنێو فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دا، بەدەم بەڕێکردنی کڕیارەکانیەوە بۆ نەوژین وتی: ماوەی چوار ساڵە بەشداری فیستیڤاڵی هەنار دەکەم، لێرە بڕێکی زۆر لە هەنار دەفرۆشم، بەخۆشحاڵیەوە بەهۆی باشی بەرهەمانمانەوە خەڵکی ساڵانە لە رۆژی فیستیڤاڵەکەدا دێنەوە ئێرە و بەرهەمەکانمان لێدەکڕن.
 
 
لە فیستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هه‌ڵه‌بجه دا تەنها نمایشی هەنار ناکرێت، بەڵکو نمایشکردنی سه‌رجه‌م بەروبومە خۆماڵیه‌كان دەکرێت، هەروەک چەندین خاوەنکار لەبوارە جیاوازەکان بۆ ناساندنی زیاتری بەرهەمەکانیان بەشداری دەکەن.‌
 
ترێ حامید، کچێکی دیکەی بەشداربوی فیستیڤاڵەکەیە، بە کارێکی جیاواز لە هەنار بەشداری کردوە، کە ئەویش دیزاینکردنی جلوبەرگ و جانتای خانمانە.
 
ترێ، لەبارەی هۆکاری بەشداریکردنی بەم کارەی بۆ نەوژین وتی: من یەکەم جارە بەشداری فیستیڤاڵی هەنار دەکەم و دەمەوێت لەڕێگەی فیستیڤاڵەکەوە بەرهەمەکەم بەخەڵکی بناسێنم.

 

بەپێی ئاماری تۆڕی رێكخراوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، ئەمساڵ لەکۆی (٥٠٠) خاوەنکار (١٢٠) یان ژنان و کچانن کە بە بەرهەمی جیاواز بەشداریان کردوە، هەروەک دەشڵێت: (٤٠٠) کەپر کە بۆ فرۆشیارەکان ئامادەکراون (٣٠٠)ـیان لەلایەن ژنانەوە گیراون.‌ 

 
فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، ماوەی هەشت ساڵی لەسەر یەکە لە شاری هەڵەبجە ئەنجامدەدرێت و ئامانج لێی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیار و باخەوانەکانی هەڵەبجەیە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,156     ژمارەی میوان 2096

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە