* نەوژین
خانمە ئەکتەر: ژیان ئیبراهیم خەیات، پاڵێوراوی بردنەوەی خەڵاتی (ئۆپن وۆڵد تۆرۆنتۆ)ـیە بۆ باشترین ئەکتەری ژن لە وڵاتی کەنەدا.
خانمە ئەکتەر و شانۆکاری کورد: ژیان ئیبراهیم خەیات، لە هەشتەمین فیستیڤاڵی (ئۆپن وۆڵد تۆرۆنتۆ) بۆ فیلم، هاوشانی هەردو خانمە ئەکتەری کەنەدی(ئیمیلی ماس و سۆفی نەشین) بۆ فیلمی (راڕەوێک) لە کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتە بۆ باشترین ئەکتەری ژن.
فیستیڤاڵی (ئۆپن وۆڵد تۆرۆنتۆ) ماوەی هەشت ساڵە لەوڵاتی کەنەدا ئەنجامدەدرێت و تیایدا باشترین (ئەنیمەیشن، ڤیدیۆ کلیپ، بەڵگەنامەیی، تاقیکاری، زنجیرە وێب، ئەکتەری پیاو، ئەکتەری ژن، چیرۆک و سیناریۆ، دەرهێنەر، دەنگ و مۆسیقا، سینەما و ترەیلەر) هەڵدەبژێرێت، هەروەک بڕیارە فیستیڤاڵەکە بۆ ئەمساڵ لە (١٦ـی تشرینی یەکەم) لە شاری تۆرۆنتۆ لە کەندا ئەنجامبدرێت.
ژیان ئیبرهیم خەیات، لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری سلێمانی لەدایکبوە و دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە، تاکو ئێستا بەشداری زیاتر لە ٣٠ شانۆ و ٢٠ درامای کوردی کردوە.