* نەوژین
خولی بالەی یانەکانی کوردستان کۆتایی هات و کچانی یانەی ئەفرۆدێت توانیان بۆ یەکەم جار لە مێژودا ببنە پاڵەوانی خولەکە.
دوای ئەوەی ماوەی پێنج ساڵ بەبیانوی هەبونی قەیرانی دارایی هەمو یاریەکانی خولی کوردستان راگیرا بون، ئەمساڵ بەشێک لە چالاکیەکان دەستیان پێکردەوە و لە خولی بالەی یانەکانی کوردستانیشدا کچانی یانەی ئەفرۆدێت بۆ یەکەمجار لە مێژودا بونە پاڵەوانی خولەکە.
سەنگەر مستەفا، راهێنەری یانەکە، لەبارەی سەرکەوتنەکەیانەوە بۆ نەوژین وتی: کچە یاریزانەکانمان هەرچەندە خۆبەخشانە یاری دەکەن، بەڵام ئاستێکی زۆر بەرزیان پێشکەشکرد و بەهۆیەوە توانیمان ببینە پاڵەوان.
وتیشی: یاریزانەکانمان هەمویان دانیشتوی شاری سلێمانین و بەبێ هەبونی هیچ یاریزانێکی بێگانە توانیمان ببینە براوەی پاڵەوانێتیەکە.
خولی بالەی یانەکانی کوردستان لە دو کۆمەڵە پێکهات بو، هەر کۆمەڵەیەکیش لە چوار یانە، خولەکە بۆ ماوەی دو هەفتە بەردەوام بو، یاری کۆتایش لەنێوان هەردو یانەی ئەفرۆدێت و ئەکاد/عەنکاوە بەرێوەچو، تیایدا کچانی ئەفرۆدێت بون بە پاڵەوان.