تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی دو خوشکەکەی چەمچەماڵ ئازاد دەکرێت

2022/09/12    378 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای دو ساڵ لە کوشتنیان دوێنێ دادگاییکردنی کەیسی کوشتنی دو خوشکەکەی چەمچەماڵ بەرێوەچو، تیایدا بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە کە باوکی دو کچە قوربانیەکەیە، دەرکرا.
 
دوێنێ یەکشەممە (١١ـی ئەیلول) بۆ جاری دوەم لە دادگای سلێمانی دادگایی کەیسی کوشتنی دو خوشک بەناوەکانی (ئاوارە و هێلین) لە قەزای چەمچەماڵ، بەرێوەچو و تیایدا بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویست لەسەری، دادوەر بڕیاریدا تۆمەتباری سەرەکی لە کوشتنیان کە باوکیانە ئازاد بکرێت.
 
لەمبارەیەوە، شۆخان ئەحمەد، پارێزەری کەیسى دو خوشكه‌کە، بە نەوژینی وت: کەیسەکە بە کراوەیی دەمێنیتەوە، بەڵام بریاری ئازادکردنی باوکیان دەرچوە و لەماوەی مانگێکدا ئازاد دەکرێت.
 
وتیشی: کەسوکاری دو خوشکەکە لە دادگادا قسەیان کردوە و تۆمەتەکەیان خستوەتە پاڵ برایەکی ئەو دو کچە کە تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵیەوەیە و لە ئێستادا هەڵهاتوە.
 
شۆخان ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا وەکو پارێزەری کەیسەکە لە بریارەکەی دادگا رازی نین و دەڵێت: "نابێت باوکیان ئازاد بکرێت، چونکە ئەگەر بکوژیش نەبێت هاوکاری بکوژ بوە".
 
ئاوارە و هێلین فەقێ حەسیب، پێش دو ساڵ و دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی 6 رۆژ، ئێوارەی رۆژی 9ـى ئەیلولى 2020، لە گۆڕێكدا تەرمەکانیان بەکوژراوی لەگوندی برایم ئاغاى ناوچەی شوان، لەنزیك قەزای ‏چەمچەماڵ دۆزرایەوە.
 
هەر ئەوکات دایکیان سکاڵای تۆمارکرد کەوا بکوژی کچەکانی باوکیانە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم سکاڵاکەی کشاندەوە، بەوهۆیەشی دۆسیەکە کوشتنە و مافی گشتی دەیگرێتەوە، دادبینیکردن تیایدا بەردەوام بو و تۆمەتبارەکەش بە راگیراوی هێڵرایەوە.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,994     ژمارەی میوان 3045

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە