*نەوژین، پەیام نەجمەدین
ژمارەیەک ژنی خوێنەر لە شاری هەولێر لە رێگەی گروپێکەوە مانگانە لە پێناو خۆ رۆشنبیرکردنی زیاتر و سود وەرگرتن لە کاتە بەتاڵەکانیان، چەندین کتێبی بەسود دەخوێننەوە.
گروپی "هاورێیانی کتێب" ماوەی ساڵ و نیوێکە لە شاری هەولێر لەلایەن ژنێکەوە بە ئامانجی خوێنەرکردنی کچانی نێو شارەکە دروستکراوە و لە رێگەیەوە چەندین کچ لە ئاڵۆزیەکانی سۆشیالمیدیا دورکەوتونەتەوە و خەریک بون بە کتێب خوێندنەوە.
فیردەوس جەمیل، سەرپەرشتیاری گشتی گروپەکەیە و بە هاوکاری لەگەڵ راهێنەرێک گروپەکە بەڕێوەدەبەن، لەبارەی گروپەکەوە بۆ نەوژین وتی: ئامانج لە دروستکردنی گروپی "هاورێیانی کتێب" خوێنەرکردنی کچان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە کە کچان هەیانە کاتێک لەماڵەوەن، پێشتر ئەوان ئەو بۆشایەیان بە سۆشیالمیدیا و یاریە ئەلیکترۆنیەکان پڕدەکردەوە بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم گروپەوە کاتەکانیان بە کتێب خوێندنەوە بەسەردەبەن.
وتیشی: بیرکردنەوەیەک لای کچانی ئێمە دروستکراوە کە کتێبەکان هەمو وشکن و خوێندەوەیان کات بەفیرۆدانە، بەلام بە خۆشحاڵیەوە ئێمە ئەو بیرکردنەوەیەمان لای کچانی نێو گروپەکە نەهێشتوە.
کچە ئەندامێکی نێو گروپەکە ئاماژەبەوە دەکات بەهۆی گروپەکەوە ئارەزوی بۆ خوێندنەوە زۆر زیاتر بوە.
نور جەمال، تەمەن ١٩ساڵ، کە هاوکات خوێندکاری زانکۆیە، بۆ نەوژین باسی لە گرنگی و سودی گروپەکە بۆ ئەم کرد و وتی: من بەرلەوەی ببمە ئەندام لێرە خوێنەری کتێب بوم، بەڵام بەرێژەیەکی کەم، لەوکاتەوەی بەشداری گروپی هاوڕێیانی کتێبم کردوە کە ماوی ساڵێک و سێ مانگە (٤٥)کتێبم خوێندوەتەوە.
ئەندامانی گروپەکە زیاترن لە ٥٠ ئەندام، بۆ بون بە ئەندامیش بەتەنها مەرج ئەوەیە رەگەزی مێ بێت و خوێنەربێت، هەروەک تاکو ئێستا شوێنێکی دیاریکراویان نیە، بەڵام لە رێگەی گروپ چاتەوە ئەندامەکان ئاگاداری چالاکیەکان دەبن.
لەیلان هاوین، تەمەن ١٧ ساڵ، ئەندامێکی دیکەی گروپی(هاورێیانی کتێبە)، ئەو جگە لە خوێندنەوە سودی دیکەشی لەگروپەکە بینیوە، باس لەوە دەکات سەرەتا تەنها گرنگی بەوەداوە چەند کتێب تەواو بکات بەڵام ئێستا دۆخەکەی لا گۆراوە.
ئەو دەڵێت: سەرەتا تەنها بۆ لاپەڕەی کتێبەکان بەشداریم دەکرد گرنگیم بە زۆری خویندنەوە دەدا، بەڵام دواتر تێگەیشتم کە من بەڕاستی پێویستم بە کتێبە و دەبێت بیکەم بە هاوڕێم، لەو کاتەوە من و کتیب دو هاوڕێی دانە بڕاوین، بۆیە بۆ من ئەم گروپە ئاشناکردنمە بە شێوازی خوێندنەوە و چۆنیەتی تێگەشتن لە کتێبەکان.
چالاکیەکانی گروپەکە بەتەنها خوێندنەوەی کتێب نین، بەڵکو لەدوای خوێندنەوەی کتێبەکەکان پێکەوە راڤەی کتێبەکان دەکەن، کە ئەمەش وەک ئەندامەکان ئاماژەی پێدەکەن کاریگەری باشی لەسەر شێوازی قسەکردنیان دروستکردوە.
نور جەمال، دەڵێت: ئێمە لێرە بەتەنها کتێب ناخوێنینەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی دوای خوێندنەوەی کتێبەکان پێکەوە دادەنیشین و راڤەیان دەکەین وایکردوە دەڕبڕینی قسەکردنمان و بگرە هونەری وتاربێژیشمان زۆر باشتر بێت.
گروپەکە بەتەنها لە کچی زانکۆ و خوێندکار پێکنایەت، نیهایەت ئیسماعیل، ئەندامێکی دیکەی گروپەکەیە و ژنی ماڵەوەیە، ئاماژە بەوەدەکات کەوا بۆ بەرزکردنەوی ئاستی رۆشنبیری خۆی پەیوەندی بە گروپەکەوە کردوە.
ئەو دەڵێت: ماوەی ساڵێکە پەیوەندیم بە گروپەکەوە کردوە، کە زانیم گروپێکی لەم شێوەیە هەیە بە پێویستم زانی پەیوەندی پێوە بکەم بۆ ئەوەی زیاتر لە کتێب نزیک ببمەوە و ئاستی ڕۆشنبیریم بەرزبکەمەوە، من ئێستا هەم خوێنەرم هەمیش کتێب کورت دەکەمەوە.
نیهایەت، دەشڵێت: ئێستا بەڕادەیەک گرنگی بە خوێندنەوە دەدەم گەر رۆژێک بەهۆی سەرقاڵیمەوە نەمتوانی کتێب بخوینمەوە هەستدەکەم ئەو ڕۆژە کەلێنێکی گەورە لەژیانم هەیە.
گروپەکە جگە لەمانە چەند چالاکیەکی دیکەش ئەنجامدەدەن وەک: سەردانیکردنی پێشەنگاکانی کتێب بە کۆمەڵ، چالاکی بەخشینی کتیب و بەخوێنەرکردنی کەسانی دەوروبەری ئەو ئەندامانەی لە گروپەکەن.