شادی نەوزاد: "ئەم خولەی پارلەمان خولی پیاوە دو ژنەکانی پارلەمانە"

2022/09/04    355 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ژنە ئەندام پارلەمانێکی کوردستان ئەم خولەی پارلەمان بە خولی پیاوە دو ژنەکان ناودەبات، دەشڵێت: ئەو ئەندام پارلەمانانەی ژنی دوەمیان هێناوە یاسا شكێنیان کردوە.
 
شادی نەوزاد، ئەندام پارلەمان لە پارلەمانی کوردستان، لە پەرەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە بەجدی و زۆر بە باشی لەساڵی ٢٠١٨ کاری لەسەر کرا و جێگیر کرا بابەتی فرەژنی بو، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و بیرلێکردنەوەیە لەم خولەی پەرلەماندا زیاتر لە ٦ ئەندامی پارلەمان، چونەتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری دوەم یاخود سێیەمەوە (بەشێکی دیکەش بە زارەکی باسی لێوە دەکەن و بە ئاشکرا خۆزگەی بۆ دەخوازن).
 
ئەو پێیوایە هەرچەندە یاساکە نەیتوانیەوە بەتەواوەتی فرەژنی قەدەغە بکات، بەڵام مەرجەکانی بۆ هێنانی ژنی دوەم ئەوەندە قورس کردوە کە ئەستەمە پیاوێک بتوانێت بەدەستیان بهێنێت تا بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیری دوەم و سێیەمەوە.
 
دەشڵێت: بەگشتی ئاساییە کە کەسێک لەدەرەوەی پارلەمان بەدوای بۆشاییەکانی نێوان دێڕەکاندا بگەڕێت تا بتوانێت هاوسەرگیری دوەم ئەنجام بدات، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە خودی ئەندام پارلەمان یاسا شکێنی بکەن "بەوپێیەی بەهۆی هاوپیشەییمەوە دەزانم کە هیچ یەک لەو مەرجانەی ڕێگەی داوە بە هاوسەرگیری دوەم لەو ئەندامانەدا بونی نییە کە ژنی دوەم یان سێیەمیان هێناوە".
 
زیاتر دەڵێت: ئەم دیاردەیەی نێو ئەندامە پیاوەکانی پارلەمانی کوردستان دەبێت بە زویی و وەک "میساقێکی شەرەف" کاری لەسەر بکرێت لەلایەن سەرۆکایەتی حزبەکانەوە بۆ ئەو ئەندامانەی کە هەڵدەبژێردرێن بۆ پارلەمان.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,630     ژمارەی میوان 1058

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە