* نەوژین، سومەیە ساڵح
ماوەی دو ساڵە کۆمپانیایەکی عەقاراتی کردوەتەوە و لە رێگەیەوە هەلی کاری بۆ چەندین کچی دەرچوی زانکۆ رەخساندوە، دەشڵێت: بۆیە کارمەندەکانم هەمو کردوە بە کچ، چونکە کچان بە دیقەتتر و وردترن لە کارکردن.
مینا مەردۆخ، لەدایکبوی شاری کەرەجە لە وڵاتی ئێران، ماوەی دو ساڵە هاتوەتە هەولێر و کۆمپانیایەکی عەقاراتی بەناوی (عەقاراتی بانو) کردوەتەوە و تەواوی کارمەندەکانی نێو کۆمپانیاکەشی کە ژمارەیان ١٢ کارمەندە ژنن.
لەبارەی عەقاراتەکەیەوە مینا، دەڵێت: تاکە عەقاراتە لە کوردستان لەلایەن ژنەوە بەرێوەدەبرێت، هەمو کارمەندەکانی نێو کۆمپانیاکەشم ژنن، چونکە ژنەکان ورد و بەدیقەت ترن.
هەروەک دەشڵێت: عەقاراتەکانی دیکە بەردەوام رەنگی رەش و سپی بەکاردەهێنن، بەڵام ئێمە زۆرترین رەنگ بەکاردەهێنین بۆ دیزاینەکانمان، بەهۆی ئەمەش خەڵک کارەکانی ئێمەیان زیاتر لا پەسەندە ترە.
دامەزراندنی کۆمپانیایەکی عەقارات و بەرێوەبردنی لەلایەن ژنێکەوە، بەئاسانی بەسەر میناوە تێنەپەڕیوە، بەڵکو توشی ئاستەنگ و رەخنەی زۆری کردوەتەوە.
دەڵێت: سەرەتا کە دەستم بە کاری عەقارات کرد، خەڵک گاڵتەیان پێدەکردم و دەیانوت ناتوانیت، بەڵام من بە قسەکانی ئەوان بەهێزتر بوم و زیاتر پەرەم بە کارەکانمدا و پیشانمدان کە دەتوام.
ئاستەنگەکانی پێش مینا تەنها بە قسە نەوەستاون، بەڵکو وەکخۆی دەڵێت: "بوختانیان پێکردم و وتیان تۆ بەرپرست لە پشتە بۆیە بویت بە خاوەنی کۆمپانیا، لەکاتێکدا من هاوسەرگیریم کردوە و خاوەنی کورێکی ١٤ ساڵانم، لەگەڵ ئەوەدا من لەگەڵ هاوسەرەکەم کاردەکەم و ئەو یارمەتیدەرمە".
عەقاراتی بانو، دو ساڵە بەشداری پێشەنگاکانی تایبەت بە عەقارات دەکات و بەنیازی کردنەوەی لقی نوێیە لە شاری سلێمانی، هەروەک وەکو یەکەم کۆمپانیای عەقارات بەشی راهێنانی بازرگانی و کارگێری تایبەت بە مناڵان کردوەتەوە.
مینا، بە گرنگی دەبینێت کچان کار بکەن و خاوەن داهاتی خۆیان بن، نەوەک بەتەنها چاوەرێی دامەزراندنیان لەلایەن حکومەتەوە بکەن.
دەڵێت: پەیامی من بۆ کچان ئەوەیە، پێویست ناکات بەهێزبن بۆئەوەی دەستپیبکەن، بەڵکو دەستپێبکەن بۆ بەهێزبون، ببن بە خاوەن کاری خۆتان تاکو داهاتی خۆتان هەبێت و چاوەرێی دەستی کەس نەبن.