* نەوژین، دێژین سدقی
خەنسا عەلى، پێنج مانگ پێش شەڕی داعش لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوەتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی داعش و هێرشەکانی بۆسەر شەنگال دەبێتە فریادڕەسی شەنگالیەکان و چەندین ژن و مناڵ و پیشمەرگە لە مردن رزگار دەکات.
خەنسا عەلى میرانی، لە ساڵی ١٩٧٩ لە قەزای دێرکى سەربە پارێزگاى حەسەکە لە رۆژئاواى کوردستان لە دایکبوە، لە پەیمانگاى دێرکى پزیشکى بەشى نەشتەرگەرى گشتى خوێندنى تەواوکردوە و لە ئێستادا پیشەی پزیشكه، لە دیدارێکی نەوژیندا باس لە ژیانی خۆی و ئەو کاتانە دەکات کە لە چیای شەنگال بەسەری بردوە.
* ئایا هۆکار چیە ماوەی هەشت ساڵە لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتویتە قەزای شەنگال و لێرە دەژیت؟
من لە (٣ـی ئازاری ٢٠١٤) لەگەڵ خیزانەکەم پێکەوە هاتین بۆ هەرێمى کوردستان، هۆکاری هاتنم بۆ ئێرە خراپی دۆخی سوریا بو، بەڵام کە هاتمە ئیرەش دوای پێنج مانگ لەلایەن داعشەوە هێرشکرایە سەر شەنگال.
* وەکو یەکەم ژن رۆشتیە سەر چیای شەنگال و یارمەتی خەڵکە ئاوارەکە و پێشمەرگەکانت دەدا، چۆن بو ئەو بڕیارهت دا؟
من راستەوخۆ دوای ئەو کارەساتەی بەسەر شەنگالدا هات رۆشتمە لاى بەرێوبەرى تەندروستى دهۆک و پێم وت کە ئامادەم بە خۆبەخشى کار بکەم و تەنها پێویستم بە هاوکارى دەرمان و کەلوپەلى پزیشکى دەبێت، ئەوانیش قەبوڵیان کرد، ماوەی مانگێک لە خانکێ و شاریا بە خۆبەخشی کارم کرد، پاشان رۆشتمە چیای شەنگال تاکو یارمەتی خەڵکە ئاوارەکە و پێشمەرگەکانی شەنگال بدەم.
* تۆ پزیشکی گشتیت کەواتە توانیوتە یارمەتی هەمو ئەوانە بدەیت کە پێویستیان بە یارمەتی هەبوبێت لە چیای شەنگال، زیاتر کێ لە ئەوان پێویستی بە یارمەتی تۆ هەبو؟
من پزیشکی گشتی و نەشتەرگەریم، بەڵام ئەوکات چونکە پزیشکی دیکەی لێنەبو و ئەوانیش زۆرینەیان پێویستیان بە هاوکاری پزیشکی هەبو چونکە شوێنەکە زۆر گەرم بو، بۆیە یارمەتی هەمویانم دەدا بەتایبەت ژنەکان و مناڵەکان زۆر پێویستیان پێم هەبو.
* لە کاتێکی سەختدا کاری خۆبەخشیت دەستپێکرد، بۆچی خۆبەخشیت هەڵبژارد؟
من بەکاری خۆبەخشی ئاسودەم، پێمخۆشە هەمو تەمەنم پێشکەش بە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بکەم، تاکو ئێستا هاوسەرگیریم نەکردوە تەنها بۆ ئەوەی بتوانم هەمو کات ئامادەبم بۆ هاوکاری کردنی لێقەوماوان.
* دۆخی ژنان لەو ماوەیەدا لە چیای شەنگال چۆن بو؟ بەتایبەت ئەو ژنانەی کە دوگیان بون، چۆن مناڵیان دەبو لەکاتێکدا لەوێ دکتۆر و پێداویستی پزیشکی لێنەبو؟
دۆخی ژنان لەوێ زۆر زۆر خراپ بو، بەتایبەت بۆ ژنانی دوگیان ئەوان ئازارێکی زۆریان دەچەشت ئەوکاتەی کە لە بەر ژانى مناڵبون دەبون، بەهۆی نەبونی پزیشكى مناڵبون زۆرکات من مامانیم بۆ ژنەکان دەکرد، ئەوەندەی بیرم بێت لەوێدا مامانیم بۆ نزیکەى سەد ژن ئەنجامدا، زۆرێکیشیان لە خۆشەویستیان بۆ من ناوی کچەکانیان دەکرد بە 'خەنسا'.
* جگە لە دۆخی ژنان چ دیمەنێکی دیکە هەبون کە زۆر بە ئازاربێت؟
هەموو ئەو دیمەنانەى کە لە کاتى ئاوارەیى ئێزدییەکان و لە چیاکەدا دیتم کاریگەر و بە ئازاربون، بەڵام یەکێک لەو دیمەنانەی کە زۆر خەمباردەبوم پێی کۆکردنەوەی پارچەکانى لاشەى شەهیدەکان بو، بە منیان دەدا نەمدەزانى کامە پارچە هى کامە شەهیدە لە کاتى دانانیان لە کیسى شەهیدەکان.
* لەو ماوەیەی کە جەنگ هەبو و تۆش لەوێ بویت، هیچ کاتێک هەبو توشی روداوێک بوبێتی کە مەترسی خستبێتە سەر ژیانت؟
لەو ماوەیەدا زۆرجار دەکەوتینە بەرهێرش و تۆپبارانى هێزە چەکدارەکانى داعش و حەشدى شەعبى و پەکەکە و سوپاى تورکیا، بەڵام لە هەموی مەترسیدارتر رۆژی (٢٤ـی نیسانی ٢٠١٧) بو، کاتێک کەوتینە بەر هێرشى فرۆکەکانى تورکیا، ئەوکات تەنها پازدە مەتر لە جیگەی تەقینی تۆپێکەوە دوربوم لەگەڵ ١٠ پێشمەرگەدا بوم، ئەوان پێنجیان شههید بون و پێنجی دیکەیان بریندار بون، بەتەنها من بە سەلامەتی مامەوە لە نێوانیان.
* رێکخراوەکان و ئەو کەسانەی بۆ یارمەتی دەهاتنە ئەوێ تاکو چەندێک یارمەتیدەری تۆ و خەڵکەکە بون؟
لە راستیدا ئەوان زۆرینەیان هیچ یارمەتیدەر نەبون، زۆرکات دەهاتن ماوەی دو رۆژ یاخود چەند کاتژمێرێک دەمانەوە و ئیتر دەرۆشتنەوە و جارێکی دیکە نەدەگەڕانەوە، کەچی ئێستاش دەڵێن کەوا خۆبەخش و خزمەتکاری پێشمەرگە بون لەکاتی شەڕدا.