* نەوژین
دوای ١٠ رۆژ لە ونبونی 'ئاخین'، دوێنی تەرمەکەی دۆزرایەوە و ئەمرۆ بە خانەوادەکەی سپێردرایەوە، ئامۆزایەکیشی دەڵێت: "لەلایەن بکوژەکەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر".
دوای ونبونی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک رۆژی هەینی رابردو (١٢ـی ئاب) تەرمی 'ئاخین فاروق'ـی شەش ساڵ دۆزرایەوە، کە لەلایەن کەسێکەوە لەنێو باخێکدا لەگەڵ باوکیدا لە قەزای زاخۆ کوژرا بون، هەروەک بکوژەکەش رۆژێک پێش ئەوە دەستگیرکرابو و دانی بەتاوانەکەیدا نابو.
راستەوخۆ دوای دۆزینەوەی، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کرا و تاکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە روداوهكه بەردەوامە.
لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە کەناڵە راگەیاندنەکان، ئامۆزایەکی 'ئاخین'، دەڵێت: تەرمی ئاخین ئاسەوارێکی زۆری لێدانی پێوەبو، هەردو دەستیشی لەدواوە بەسترابونەوە، هەروەک پێشیان راگەیاندوین کەوا پێش کوژرانی دەستدرێژی کراوەتەسەر لەلایەن بکوژەکەیەوە.
ئاخین و باوکی ئاوارەی شەنگال بون و لە کەمپی چەمپ مشکۆ لە قەزای زاخۆ نیشتەجی بوبون، ئەوان رۆژی (٤ـی ئاب) بەسەردانێک و بۆ کات بەسەربردن رۆشتبونە نێو باخێک لە سنوری ئیدارەی زاخۆ و نەگەڕانەوە، دواتر تەرمی باوکەکە و دواى ئهوهش كچەکە بە کوژراوی دۆزرانەوە.