* نەوژین، هاوژین محەمەد
بۆ یەکەمجار لە قەزای رانیەی سەر بە ئیدارهى راپهڕین، نوسینگەیەکی فێرکاری شۆفێری تایبەت بە ژنان کراوەتەوە و هەر ژنانیش بەرێوەی دەبەن، فێرخوازێکی نوسینگەکەش دەڵێت: هەبونی نوسینگەیەکی لەمشێوەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
نوسینگەی (ئاسا)ـی تایبەت بە فێربونی شۆفێری بۆ فێرکردنی ژنان، ماوەی سێ مانگە لە قەزای رانیە کراوەتەوە، هەرچەندە نوسینگەکە هێشتا لە سەرەتای کارکردنیدایە، بەڵام رێژەیەکی زۆر لە ژنان روی تێدەکەن.
روخۆش حسێن، مامۆستا و راهێنەر لە نوسینگەی ئاسا، یەکێکە لەو کەسانەی بیرۆکەی دروستکردنی نوسینگەکەی داهێناوە، بۆ نەوژین لەبارەی کردنەوەی نوسینگەی 'ئاسا'وە وتی: ژنان بەردەوام گلەییان هەبو لەوەی هیچ ژنێک لە نوسینگەکانی فێرکاری شۆفێری نیە و بەهەمان شێوە پیاوانیش داوایان دەکرد بۆ ئەوەی خوشکەکانیان و هاوسەرەکانیان لای مامۆسای ژن فێری شۆفێری ببن، ئێمەش لەمەوە بیرۆکەمان وەرگرت و نوسینگەکەمان کردەوە.
نوسینگەی ئاسا نوسینگەیەکی نا حکومیە، لە چوار کارمەندی ژن پێکدێت، کە هەمویان خاوەنی بڕاوانامە و رێگەپێدراوی وەزارەتی ناوخۆن بۆ وانەوتنەوە.
کەویار محەمەد، یەکێکە لە فێرخوازانی نوسینگەی ئاسا، ئەو لەبارەی گرنگی هەبونی نوسینگەیەکی تایبەت بە ژنان بۆ نەوژین وتی: هەبونی نوسینگەی تایبەت بە ژنان و بەتایبەت لە قەزای رانیە زۆر گرنگە، چونکە بۆ ئێمه چونمان بۆ لای نوسینگەی پیاوان ناخۆش بو، تەنانەت چەندین ژن بەهۆی ئەوەوە نەیاندەتوانی مۆڵەتی شۆفێری بەدەستبهێنن.
لانە عەبدولقادر، یەکێکی دیکەیە لە فێرخوازانی نوسینگەی ئاسا، لەبارەی نوسینگەکە و مامۆستاکانیەوە وتی: ئەو مامۆستایانەی لێرەن زۆر بەباشی وانەکان دەڵێنەوە و زۆر مورتاحین کە لەگەڵ مامۆستایەکی ژندا فێری شۆفێری دەبین.
نوسینگەكە لە ئێستادا بەتەنها مۆڵەتی تایبەتی دەدات بە فێرخوازەکانی، بەڵام روخۆش حسێن دەڵێت: لە هەوڵداین تاکو لەمەودوا بتوانین مۆڵەتی گشتیش بە فێرخوازانمان بدەین، هەروەک دەشمانەوێت نوسینگەکە فراوانتر بکەین و لقی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان بکەینەوە.