* نەوژین، هۆزان فەریق
ناوبژیوانیکردنی ژنێکی دانیشتوی قەزای قەڵادزێ، دیمەنێکی جیاوازی بە یاریە نێوخۆییەکانی نێو قەزاکە بەخشیوە.
میهرەبان عومەر، ٢٣ ساڵ، دەرچوی کولێژی پەروەردەی وەرزشە و دانیشتوی قەزای قەڵادزێی سەر بە ئیدارهى راپهڕینه له سنورى پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئەوەدا کە خۆی وەرزشوانە، کاری ناوبژیوانیش بۆ یاری پیاوان ئەنجامدەدات.
میهرەبان، دەڵێت: هەر لە مناڵیەوە خولیای زۆرم بۆ وەرزش ھەبو، بەردەوام بەشداری پێشبرکێکانی خوێندنەگەم دەکرد، دواتریش کە لە بەشی وەرزش لە زانکۆ وەرگیرام زیاتر پەرەم بەتواناکانم دا.
ئهو یاریزانە و پێشوتر بۆ هەریەک لە فێرگەکانی قەڵادزێ و رانیە یاری کردوە، جگە لە یاریکردن وەکو یاریزان، هەر لە مناڵیەوە حەزو ئارەزوی زۆری بۆ کاری ناوبژیوانی هەبوە، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە دەستی بە کاری ناوبژیوانی کردوە، لەگەڵیدا وەکو یاریدەدەری راهێنەریش کاری کردوە.
دەڵێت: "دوای ئەوەی کە دەستم بە کاری ناوبژیوانی کرد، بۆ ئەوەی بە زویی و بەباشی فێری کارەکە ببم، بەشداری خولی فیرکاری ناوبژیوانیم کرد".
وەک میهرەبان خۆی دەیڵێت، خێزانەکەی "بەتایبەت برا و هاوسەرەکەی" پشتگیریەکی تەواوی ئهو دهكهن لەکارەکەیدا و هۆکاری سەرەکین کە تاکو ئێستا لەکارەکەی بەردەوامە، دەشڵێت: زۆرکات هاوسەرەکەم لەبەرخاتری کارەکەی من کارەکانی خۆی پشتگوێ دەکات.