* نەوژین
دو کچە شێوەکاری شاری سلێمانی لە پێشانگایەکی هاوبەشدا لە شاری هەولێر نمایشی کارەکانیان کە ١٨ تابلۆی هونەریە بەناونیشانی
(ژن و ژاوەژاو لەگەڵ ژیانی ژن) دەکەن.
دو کچە خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەناوەکانی (دییە محەمەد و نوا مەحمود) لەرێگەی پێشانگایەکی هاوبەشەوە ١٨ تابلۆی هونەری لەبارەی ژیانی ژنانی کوردەوە نمایشدەکەن.
پێشانگاکە لە شاری هەولێر بەرێوەدەچێت و بەشێکە لە زنجیرە پێشانگای هونەری هێلان کە لەلایەن پەیمانگای گۆتەی عێراق و فێرگەی فرێمینگ و سێڤ گەلەری ڕێکدەخرێت، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم دو کچە هونەرمەندەش دەگەڕێتەوە بۆ کارەکانی پێشویان کە لە کارنامەی دەرچونیاندا پێشکەشیان کردبو.
نوا مەحمود، ٢٠ساڵ، بۆ نەوژین وتی: پێشتر بەشداری سێ پێشانگای دیکەم کردبو، بەڵام ئەمەیان بۆ من جیاوازە، چونکە بەتایبەت بۆ من و دییە کراوەتەوە، تاکو کارەکانمانی تێدا نمایش بکەین.
کارەکانی نوا پێکهاتون لە ١٠ تابلۆ لەژێر ناوی 'ژیان'، کارەکانی دییەش پێکهاتون لە ٨ تابلۆ لەژێر ناوی 'ژن و ژاوەژاو'.
نوا، دەڵێت: تابلۆکانم باس لە ژیانی ژنی کورد دەکەن، یەکێکیان وێنەی ژنێکە بە چاوبەستراوی کە مەبەست لێی ئەوەیە کەوا ژنان هەر کە دێنە دونیاوە کۆمەڵێک یاسایان بۆ دانراوە و دەبێت بە چاوبەستراوی و بەپێی ئەو یاسایانە ژیان بەسەربەرن، لەکاتێکدا ئەمە بۆ پیاوان بەو شێوەیە نیە.
یەکەم رۆژی پێشانگای هاوبەشی (نوا و دییە) بە ئامادەبونی بەشێکی زۆر لە خەڵک و نوێنهرى کونسوڵخانەی وڵاتان بەرێوەچو. لەبارەی پێشوازی ئامادەبوان لە کارەکانیان، نوا، دەڵێت: بە خۆشحاڵیەوە ئامادەبوان پێشوازیەکی گەرمیان لە کارەکانمان کرد.
پێشانگاکە لە بەرواری (٢٣ـی تەموز) دەستی پێکردوە، بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام رۆژانە لە کاتژمێر ٥ بۆ ١٠ـی ئێوارە کراوەدەبێت.
چهند دیمهنێك له تابلۆ و پێشانگاكهى نوا و دییه