* نەوژین، مه‌ریه‌م خالد
حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنیان لە پارێزگای هەولێر لەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو روی لە زیادبون کردوە، پارێزەرێکیش پێیوایە 'سوڵحی عەشایەری' هۆکارە و دەڵێت: سوڵحی عەشایەری رۆڵی دادگاکانی بۆ سزادانی ئەو تۆمەتبارانەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدەدەن کەمکردوەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمیەکان ساڵی رابردو لە پارێزگای هەولێر ٦ ژن کوژراون، ١٥ ژن خۆیان کوشتوە و ٢٩ ژنیش خۆیان سوتاندوە یان سوتێنراون، بەڵام لەمساڵدا تاکو ئێستا بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی 'هاریکاری یاسایی ژنان'، ٧ ژن کوژراون، ٩ ژن خۆیان کوشتوە و ١٠ ژنیش خۆیان سوتاندوە.
مقەدەم: سه‌فین تاهیر، به‌ڕێوبه‌ری بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هه‌ولێر، بە نەوژینی راگەیاند: بەپێی ئەو سکاڵایانەی ئەمساڵ لای ئێمە تۆمارکراون، حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی خێزانی به‌راورد به ساڵی رابردو كه‌میكردوه، بەڵام کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زیادی کردوە.
پرسیار ئه‌وه‌یه: بۆچی سكاڵا له‌سه‌ر توندوتیژی كه‌م بوه‌ته‌وه، كه‌چى رێژه‌ى توندوتیژی قورسی وه‌كو: كوشتن و خۆكوشتن زیاتر بوه؟
مقەدەم: سه‌فین تاهیر، له وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێت: بەرای من کەمی سکاڵاکان هۆکاری کەمی ئاستی هۆشیاری تاکە، هۆشیاری تاک لێرە له‌و ئاسته‌دا نییه بچێت له دادگاكان‌دا سكاڵا تۆماربكات، بەڵکو راستەوخۆ په‌ل ده‌هاوێژێت بۆ حاڵه‌تی توند تر.
لەبارەی هۆکاری زیادبونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان رای جیاواز هەیە، بەشێک پێیان وایە پیاوان بەتەنها هۆکارن، بەشێکیش به‌كارهێنانى ئاین و یاساکان بەهۆکار دەبینن.
پارێزه‌ر ئیسماعیل سه‌عید، بەتەنها پیاوان بە تاوانبار دەبینێت و پێیوایە پیاوان "خۆڕاگر نین" بەرامبەر کێشە و ئاڵۆزیەکان بۆیە پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.
وتیشی: هەبونی كێشه‌ی ئابوری و ئاڵودەبون بە ماددە هۆشبەرەکانیش بەهەمان شێوە هۆکارن بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی.
لەمساڵدا تاکو ئێستا له هه‌ولێر ٧ ژن کوژراون و ٩ ژن خۆیان کوشتوە و ١٠ ژنیش خۆیان سوتاندوە
لەبەرامبەردا چالاکێکی بواری مافەکانی ژنان به‌كارهێنانى ناوى ئاین و یاساکان بەهۆکار دەبینێت و پێیوایە بابەتی فرەژنی هۆکارێکی سەرەکیە کە وا لە پیاوان دەکات توندوتیژ تر بن بەرامبەر ژنان.
به‌هار عه‌لی، چالاكی بواری مافەکانی ژنان، بۆ نەوژین وتی: هه‌ندێك له‌یاساكان هۆكارن بۆ حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی، جگه له‌وه‌ش فره‌ژنیش مافی ته‌واوی به پیاوان داوه بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژانە مامه‌ڵه بكه‌ن.
بەشێکی دیکە لە هۆکارەکان 'سوڵحی عەشایەری'ـە کە رۆڵی دادگاکانی بۆ جێبەجێکردنی سزا بەسەر ئەو تۆمەتبارانەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن یاخود دەیانکوژن، کەمکردوەتەوە.
ئیسماعیل سه‌عید، بۆ نەوژین وتی: یاسا بۆ سزادانی تۆمەتبارە، بەڵام ده‌سه‌ڵاته ده‌ره‌كیه‌كان كه له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان هه‌ن رۆڵیان هه‌یه له دانانی رێگه چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كان كه ئه‌مه‌ش رۆڵی دادگا كه‌م ده‌كاته‌وه، واده‌كات تۆمه‌تبار سزای خۆی وەرنەگرێت.
ئه‌م رایه، راهێنه‌رێكى بوارى گه‌شه‌پێدانى خود، جه‌ختى لێده‌كاته‌وه.
په‌ریخان ئه‌حمه‌د، بۆ نه‌وژین وتى: حیكمه‌تی یاساكان له‌وه‌دایه كه جێبه‌جێ بكرێت، كه نه‌كرا وه‌ك نه‌بونی وایه.
وتیشی: زۆر گرنگه هەمو لایەک هەوڵبدەین كه یاسا جێبه‌جێ بكرێت، تاکو توندوتیژی دژی ژنان کەم ببێتەوە.