* نەوژین
کچە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پاڵەوانیەتی زۆرانبازی نێودەوڵەتی لە شاری لانبۆرگ لە ئەڵمانیا لە کێشی ٥٦ کیلۆگرامدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.
سارینا ساڵحی، تەمەن ١٣ ساڵ، توانی لە بیستودوهەمین پێشبڕکێی کراوەی نێودەوڵەتی ژنان لە وڵاتی ئەڵمانیا لە کێشی ٥٦ کیلۆگرامیدا پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، لە پاڵەوانیەتیەکەدا ٤٥٠ ژنە زۆرانباز لە سەرتاسەری ئەڵمانیا و وڵاتانی: نەمسا، هۆڵەندا، بولگاریا، سوید، سویسرا، بەلجیکا و جۆرجیا بەشداربون.
سارینا ساڵحی، کوردە و لەدایکبوی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە وەکو پەنابەر لەگەڵ خێزانەکەی رویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کردوە.
سارینا، بۆ تیپی کەی سی ئێفی جێرمەنی یارییدەکات، لەلایەن باوکییەوە راهێنەرایەتی دەکرێت و لەتوانایدا هەیە بە پێنج زمان قسە بکات کە بریتین لە: (کوردی، فارسی، یۆنانی، ئینگلیزی و ئەڵمانی).