* نەوژین، فرمێسک مەحمود
نەبونی خزمەت گوزاری لە نێو قەزای کفری له ئیدارهى گهرمیان، دانیشتوانهكهى نائومێد و بێزار کردوە، ئهم بێزارییهش زیاتر له كچان دا رهنگی داوهتهوه، چونكه بەهۆی نەبونی هەلی کارەوە ناچار لەدوای تەواوکردنی زانکۆ لەماڵ دەمێننەوە، وەک خۆیان دەڵێن "کفری دەرفەتی کاری بۆ کچان تیدانیە".
كوردستان ئەحمەد، ٢٨ ساڵ، دانیشتوی قەزای کفری و دەرچوی بەشی مێژوە لە زانکۆی گەرمیان، هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە زانکۆی تەواو کردوە، بەڵام بێکار لە ماڵەوە ماوەتەوە.
ئەو دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەماڵەوەم توشی شڵەژانی دەرونی بوم، حەزم لێیە کار بکەم، بەڵام کفری هیچ دەرفەتێکی کاری بۆ کچان تێدا نیە،رۆژانە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ هاورێ کچەکانی دیکەشم دەکەم، ئەوانیش هەمان کێشهیان هەیە".
هەروەک بەشێک لە کچانی نێو قەزاکە رۆشتنیان لە قەزاکە بە چارەسەر دەبینن و پێیان وایە ئەم بێکاریەی لێرە هەیە لە شارەکانی دیکە بەم رادە زۆرە نیە.
هێرۆ جەلال، ٢٢ ساڵ، دەرچوی پەیمانگا بەشی ئینگلیزیە، دەڵێت: بێزاربوم، زۆر جار حەزدەکەم ماڵ بگوازینەوە و لە کفری نەمێنین، چونکە لێرە هیچ مۆڵ و رێکخراوێکی لێنیە تاکو کاری لێبکەین، تەنانەت هیچ شوێنێکی لێنیە تاکو بۆ کات بەسەربردن سەردانی بکەین.
نهبونى دهرفهتى كار لهو هۆكارانهن كهوایكردوه خهڵكێكى بهرچاوى دانیشتوى قهزاكه، بیر له جێهێشتنى بكهنهوه.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی پاڵپشتی و داکۆکی لە کفری لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تاکو ئێستا ٢٠١٨ خێزان لە کفری ماڵیان گواستوەتەوە بۆ شارەکانی دیکە، لە شوێنیشیان ١٠٠٠ خێزانی بەرەگەز عەرەب جێگای گرتونەتەوە.
ئارام كەریم، ئەندام له دەستەى پاڵپشتى و داكۆكى له كفرى، لەم بارەیەوە بە نەوژینی وت: کفری بەرەو قەزایەکی 'تەعریب' کراو دەچێت، چارەسەریش ئەوەیە لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە هەلی کار بۆ کچان و کوڕانی ئەم شارە بڕەخسێندرێت.
مەریەم محەمەد، تەمەن ٢٥ ساڵ، دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ خێزانەکەی قەزاکەیان بەجێهێشتوە.
دەڵێت: ئەوکاتەی لە زانکۆ بوم بەردەوام بیرم دەکردەوە دوای تەواوکردنی زانکۆ چی بکەم، چونكه دهمزانى دهرفهتى كار بۆ ئێمهى گهنجان و بهتایبهت كچان زۆر كهمه.