* نەوژین
بۆ جاری یەکەم لەمێژودا ھەڵبژاردەی فوتساڵی کچانی عێراق گەشتە یاری پێش کۆتایی جامی خۆرئاوای ئاسیا، کچە یاریزانێکی هەڵبژاردەکەش دەڵێت: چاویان لە بردنەوەی نازناوەکەیە.
دەریا دارا، کچە یاریزانی کوردی ھەڵبژاردەی فوتساڵی کچانی عێراق، لەبارەی گەیشتنیان بەم قۆناغە، بۆ نەوژین وتی: بە زیرەکی راھێنەر و ماندوبونی ھەمو یاریزانەکان گەشتوینە ئێرە.
وتیشی: "ئەم پلەیەی بەدەستمان هێناوە زۆر گرنگە بۆمان، چونکە بەردەوام عێراق لەم پاڵەوانێتیانەدا شکستی ھێناوە".
تیپەکە هەرچەندە لە یاری یەکەمی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین شکستی هێنا، بەڵام دواتر توانیان دو یاری لەسەر یەک ببەنەوە و بگەن بە یاری پێش کۆتایی.
دەریا، لەبارەی ئامانجی تیپەکە لەدوای گەشتنیان بەم قۆناغە وتی: لە ئێستادا ئامانجمان بردنەوەی یاری داهاتوە و هەمو هەوڵێکیش دەدەین بۆ بەدەستھێنانی پاڵەوانێتیەکە.
ھەڵبژاردەی فوتساڵی کچانی عێراق نۆ یاریزانی کوردی تێدایە و کاپتنی تیپەکەش کچە یاریزانێکی کوردە.